رووداو دیجیتاڵ
هەڵمەتی دژە گەندەڵی لە پارێزگای زیقار فراوانتر دەبێت؛ هێزە ئەمنییەکان ژمارەیەک بەرپرس و فەرمانبەریان دەستگیرکرد و تیمەکانی لێکۆڵینەوەش دەستیان بەسەر سەدان مۆری ساختە و دۆسیەی نایاسایی دابەشکردنی زەویدا گرت.
سەرچاوەیەکی باڵا لە پارێزگای زیقار، رۆژی یەکشەممە، 9ـی ئابی 2026، بە رووداوی راگەیاند، تیمەکانی لێکۆڵینەوە توانیویانە دەست بەسەر کۆمەڵێک دۆسیە و مامەڵەی نوێدا بگرن کە تێیدا زەوی و زار "بە نایاسایی" دابەشکراون، ئەمەش وەک بەشێک لەو ئۆپەراسیۆنەی کە بۆ هەڵوەشاندنەوەی باندێکی مەترسیداری ساختەکاری لە پارێزگاکە دەستیپێکردووە.
بەگوتەی ئەو سەرچاوەیە، درەنگی شەوی رابردوو هێزێکی ئەمنیی هاوبەش هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی محەممەد عەبد لیلۆ، بەڕێوەبەری پێشووتری شارەوانیی ناسریە و بە تۆمەتی هەدەردانی سامانی گشتی و ساختەکاری دەستگیریان کردووە. سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش کرد، ژمارەیەک فەرمانبەری تێوەگلاو لەم دۆسیەیە بەرەو شوێنێکی نادیار هەڵاتوون.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، ئەو کەسانەی تاوەکو ئێستا لەم دۆسیەیەدا دەستگیرکراون بریتین لە:
-محەممەد عەبد لیلۆ: بەڕێوەبەری پێشووتری شارەوانیی ناسریە
-قەحتان عەدنان عەنبەر: بەڕێوەبەری پێشووی شارەوانیی ناسریە (کە پێشتریش سزادراوە)
-بەشار لەتیف موزیەد: یاریدەدەری بەڕێوەبەری موڵکایەتیی لە شارەوانیی ناسریە
-عەلی رەزاق محەممەد: فەرمانبەری شارەوانی و بەرپرسی نووسراوەکان
-تالیب فالح وادی: فەرمانبەر لە لیژنەی زەوییەکانی پارێزگا
-مستەفا جاسم هۆل: فەرمانبەر لە بەشی کۆنووسەکانی شارەوانی
-عەلی نازم فەرتووسی: وەک دەڵاڵ کاری کردووە
لە کاتی ئۆپەراسیۆنەکەدا، هێزە ئەمنییەکان دەستیان بەسەر بڕێکی زۆر فۆرم و مامەڵەی زەوی، کۆمپیوتەری کەسی، ئامێری پەیوەندی، چەک و چەندین مۆری ساختەی فەرمانگەکاندا گرتووە. ئێستا تیمە تەکنیکییەکان سەرقاڵی پشکنینی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکانن بۆ دەرهێنانی زانیاریی زیاتر و ئاشکراکردنی هەموو ئەو کەسانەی لەم تۆڕە گەورەیەدا سوودمەند بوون.
سەرچاوە باڵاکەی پارێزگای زیقار جەختی کردەوە کە هەڵمەتەکە بەردەوامە و گوتی: "سەرەداوی نوێ دۆزراوەتەوە و دۆسیەکە زۆر گەورەیە، چاوەڕێی دەستگیرکردنی بەرپرس و فەرمانبەری دیکەش دەکەین."
ئەم ئۆپەراسیۆنە بەشێکە لە "هەڵمەتی بەرەبەیان" کە عەلی فالح ئەلزەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی دەستیپێکردووە.


