رووداو دیجیتاڵ
ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی نوجەبا دەڵێ، بژارەی دیپلۆماسی لەگەڵ سعودیە "بێسوودە؛" ئاماژە بەوەش دەکات:"وەڵامی مووشەک تەنیا بە مووشەک دەدرێتەوە."
ئەکرەم کەعبی، ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی نوجەبا، شەوی شەممە، 8ـی ئابی 2026، لە راگەیێندراوێکدا هێرشی کردە سەر سعودیە و ریازی تۆمەتبار کرد بەوەی لە پشت هەموو ئەو "پیلانگێڕی"یانەیە کە عێراق و خەڵکەکەی دەکەنە ئامانج.
ئەکرەم کەعبی دەڵێ، دەستی سعودیە بە "خوێنی عێراقییەکان سوورە" و ئەوان بوون پارەی هەزاران ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژکراویان لە ساڵانی رابردوودا دابین کرد.
ئەمینداری نوجەبا داوای "وەڵامێکی سەربازیی گونجاو" دەکات بۆ وەڵامدانەوەی ئەو هێرشانەی کراونەتە سەر بارەگاکانی حەشدی شەعبی و گوتی: "مووشەک تەنیا بە مووشەک وەڵام دەدرێتەوە؛ ئاگریش تەنیا بە ئاگر رووبەڕوو دەبێتەوە."
ئەکرەم کەعبی رەخنەی لەو دەنگانە گرت کە باس لە وەرگرتنی قەرەبوو یان پارە دەکەن لە بەرامبەر خوێنی کوژراوەکان و رایگەیاند: "هیچ بڕە پارەیەک لە جیهاندا یەکسان نییە بە دڵۆپە خوێنێکی شەهیدانی عێراق."
بزووتنەوەی نوجەبا یەکێکە لە پێکهێنەرانی گرووپی موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق و نزیکە لە ئێران.
ئەم پەیامەی ئەکرەم کەعبی لە کاتێکدایە، لە هێرشێکی هاوبەشی ئەمریکا و سعودیە لە بەرەبەیانی 29ـی تەممووز، ژمارەیەک بارەگای حەشدی شەعبی لە 6 پارێزگای عێراق و کەرکووک بۆردوومانکران و لە ئەنجامدا 18 چەکداری حەشدی شەعبی کوژران و 20ـی دیکە برینداربوون.
دوای هێرشەکە، گرووپی موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق کە نزیکە لە کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، 7ـی ئابی دیاریکرد وەک دوایین وادە بۆ حکومەتی عێراق لەبارەی کاردانەوەی بەرامبەر بە هێرشەکانی سعوودیە و ئەمریکا.
بەرەبەیانی 7ی مانگ، هادی عامری، ئەمینداری گشتیی رێکخراوی بەدر لە بانگەوازێکدا داوای لە گرووپی موقاوەمەی ئیسلامیی لە عێراق کرد، کاردانەوەکانیان بەرامبەر هێرشەکانی ئەمریکا و سعوودیە دوابخەن و بەڵێنیپێدان کە لە "رێگەی دیپلۆماسییەوە بەدواداچوون بۆ مافی شەهید و بریندارەکان"ـی ئەو هێرشانە دەکات.
هەمان رۆژ موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ بانگەوازەکەی حاجی موجاهید ئەبو حەسەن عامری (هادی عامری) و لەبەر هەڵوێستی هەندێک لە سەرکردە سیاسییە خاوەن شکۆکانمان، بڕیارماندا ئەو وەڵامدانەوەیەی کە بڕیاربوو ئەمڕۆ 23ـی سەفەر (7ـی ئاب) ئەنجامبدرێت، دوابخەین."


