رووداو دیجیتاڵ
وەزیری گواستنەوەی عێراق، بەهۆی "گەندەڵی، کەمتەرخەمی و بەهەدەردانی سامانی گشتی"، گۆڕانکاری لە کۆمپانیای گشتیی هێڵی ئاسمانیی عێراقی دەکات و زنجیرەیەک بڕیاری بۆ دوورخستنەوە، سزادان و لێسەندنەوەی پۆست لە چەندین بەرپرس و فەرمانبەری کۆمپانیاکە دەرکرد.
بەپێی بەڵگەنامەیەک کە دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە و واژۆی وەهاب سەلمان، وەزیری گواستنەوەی عێراقیان لەسەرە و 6ـی ئەم مانگە دەرچووە، تێیدا هاتووە: "بڕیارەکان دوای تەواوبوونی کارەکانی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی باڵا دێن کە بۆ بەدواداچوونی گەندەڵی و کەمتەرخەمییە کارگێڕییەکان لەنێو هێڵی ئاسمانیی عێراقیدا پێکهێنرابوو."
دەرکردن و لێسەندنەوەی پۆست
وەزیری گواستنەوەی عێراق بڕیاریداوە بە:
-کۆتاییهێنان بە خزمەتی فەرمانبەرێک بەناوی (موروە محەممەد جەعفەر) بەهۆی دابڕانی لە کارەکەی، لەگەڵ پابەندکردنی بە گەڕاندنەوەی تەواوی ئەو مووچە و پارانەی لە ماوەی دابڕانەکەیدا وەریگرتوون.
-گواستنەوەی (هەیسەم حەموود بەرغەش) بۆ دەرەوەی کۆمپانیای هێڵی ئاسمانیی عێراقی.
-لێسەندنەوەی پۆست و دەسەڵات لە چەندین بەرپرسی باڵا، لەوانە (سەیف شامل حەمزە، مستەفا ئەنوەر غەبان، کامل داوود ئیبراهیم، موسەننا محەممەد حاشوش و ئەحمەد حەسەن محەممەد).
سزای کارگێڕی بۆ 17 فەرمانبەر
لە بەشێکی دیکەی بڕیارەکاندا، سزای "دواخستنی پلە بەرزکردنەوە" و "ئاگادارکردنەوە" بۆ 17 فەرمانبەر و بەرپرسی دیکەی کۆمپانیاکە دەرکراوە، ئەوەش بەپێی یاسای سزادانی فەرمانبەرانی دەوڵەت، بەهۆی ئەو سەرپێچییە کارگێڕییانەی لیژنەی لێکۆڵینەوە دەستنیشانی کردوون.
وەزارەتی گواستنەوە تەنیا بە سزادانی کەسەکان نەوەستاوە، بەڵکو بڕیاریداوە بە:
-پێکهێنانی لیژنەیەکی پسپۆڕ بۆ وردبینیکردن و پێداچوونەوە بە تەواوی "گرێبەستە هاوبەشەکان"ـی هێڵی ئاسمانیی عێراقی بە مەبەستی زیادکردنی داهاتی دەوڵەت.
-داڕشتنەوەی "سیستمی هاندانەکان" بەجۆرێک کە دادپەروەری تێدا بێت و رێگری بکات لەوەی بەرپرسە باڵاکان پۆستەکانیان بۆ بەرژەوەندیی تایبەت بەکاربهێنن لەسەر حیسابی مافی فەرمانبەرانی ئاسایی.
-رەوانەکردنی تەواوی دۆسیەکان بۆ (لیژنەی قەرەبووکردنەوە) لە وەزارەت و دواتر بۆ دەستەی دەستپاکی، بەهۆی هەبوونی تۆمەتی بەهەدەردان لە سامانی گشتی و پارەی دەوڵەتدا.
ئەم بڕیارانەی وەزارەتی گواستنەوە لە کاتێکدایە کە هێڵی ئاسمانیی عێراقی لە چەند ساڵی رابردوودا رووبەڕووی چەندین رەخنەی تووند بووەتەوە سەبارەت بە نزمیی کوالێتیی خزمەتگوزارییەکان و بوونی گەندەڵی لە هەندێک گرێبەستی نێودەوڵەتیدا. 12ـی مانگی 7ـی ئەم ساڵ، هەر بە بڕیاری وەزیری گواستنەوەی عێراق، مەناف عەبدولمونعیم، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای هێڵی ئاسمانیی عێراق بۆ ماوەی 60 رۆژ لە پۆستەکەی دوورخرایەوە.
30ـی حوزەیرانی ئەم ساڵیش، ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق رایگەیاند، توانیویانە بڕی 19 ملیار دینار بۆ گەنجینەی دەوڵەت بگەڕێننەوە. ئەو پارە گەڕاوەیە بە "فێڵکردن و یاریکردن" لە پسوولە بانکییەکانی کۆمپانیای هێڵی ئاسمانیی عێراقدا بردراوە.



