رووداو دیجیتاڵ
سەرچاوەیەکی باڵای ئەمنی رایگەیاند، هێزە ئەمنییەکان ئەحمەد جبووری، ناسراو بە (ئەبو مازن)، ئەمینداری گشتیی حیزبی جەماوەری نیشتمانییان بە تۆمەتی "گەندەڵی" دەستگیرکردووە.
سەرچاوەیەک لە دەزگای دژەتیرۆری عێراق شەممە، 8ـی ئابی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دەستگیرکردنەکەی ئەبو مازن لە بەغدا بووە و پەیوەندی بە چەند دۆسیەیەکی گەندەڵی و بەهەدەردانی سامانی گشتییەوە هەیە کە لەلایەن دادگەوە فەرمانی بۆ دەرچووە.
ئەبو مازن کێیە؟
ئەحمەد عەبدوڵڵا عەبد خەڵەف جبووری، کە بە (ئەبو مازن) دەناسرێت، لە ساڵی 1968 لە ناحیەی حەجاج لە پارێزگای سەلاحەدین لەدایکبووە.
وێستگە گرنگەکانی ژیانی سیاسی:
چەندین ساڵ پارێزگاری سەلاحەدین بووە و دواتریش وەک پەرلەمانتار نوێنەرایەتیی ئەو پارێزگایەی کردووە.
لە ساڵی 2014 لە کابینەکەی حەیدەر عەبادی، پۆستی وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری پارێزگاکانی وەرگرت.
ئەمینداری گشتیی حیزبی جەماوەری نیشتمانییە، کە یەکێکە لە حیزبە کاریگەرەکانی سوننە و خاوەن پێگەیەکی جەماوەریی بەهێزە لە سەلاحەدین، کەرکووک و نەینەوا.
لە دوایین هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە 2023، ئەبو مازن بەربژێری سەرەکی بوو بۆ وەرگرتنەوەی پۆستی پارێزگاری سەلاحەدین، بەڵام بەهۆی بوونی تۆماری تاوانکاری و رەتکردنەوەی لەلایەن سەرۆکایەتیی کۆمارەوە، نەیتوانی مەرسوومی کۆماری وەربگرێت و ناچار بوو کەسێکی نزیک لە خۆی بۆ ئەو پۆستە بەربژێر بکات.



