رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی نەوتی عێراق ئەو دەنگۆیانە رەت دەکاتەوە کە باس لەوە دەکەن وڵاتانی دراوسێ نەوتی رەشی عێراق دەکەنە بەنزین و بە وڵاتەکەی دەفرۆشنەوە؛ دەشڵێت، "تێکەڵکردنی جۆرەکانی سووتەمەنی رێکارێکی زانستییە لە پاڵاوگەکاندا."
سەلیم روکابی، گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق، رۆژی شەممە، 8ـی ئابی 2026، بە رووداوی راگەیاند: "پرۆسەی هەناردە و هاوردەکردنی بەرهەمە نەوتییەکان تەنیا لە رێگەی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوت (سۆمۆ) و بەپێی رێنمایی و میکانیزمە فەرمییەکان ئەنجام دەدرێ."
سەبارەت بەو دەنگۆیانەی باس لە تێکەڵکردنی بەنزینی نۆرماڵ و (موحەسەن) بۆ فرۆشتنی بە نرخێکی بەرزتر دەکەن، گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، تێکەڵکردنی پێکهاتەکان تەنیا لەنێو پاڵاوگەکان و بۆ بەرزکردنەوەی کوالێتیی بەرهەمەکانە.
سەلیم روکابی گوتی: "تێکەڵکردنەکە رێکارێکی تەکنیکییە بۆ چارەسەرکردنی بەرهەمی نەفتا و باشترکردنی تایبەتمەندییەکانی تاوەکو ببێتە بەنزینێکی گونجاو بەپێی ستانداردە عێراقییەکان؛" ئاماژەی بەوەشکرد، هەموو بەرهەمە نەوتییەکان لە لایەن حکومەتەوە پاڵپشتیی دارایی دەکرێن و نرخیان لە زۆربەی وڵاتانی دراوسێ و جیهان هەرزانترە.
گوتەبێژەکەی وەزارەتی نەوتی عێراق روونیکردەوە کە ئەم میکانیزمە لەسەر بنەمای کێبڕکێ لەنێوان کۆمپانیاکانە بۆ دەستەبەرکردنی باشترین نرخ و ئاماژەی بەوەشکرد: "فرۆشتن و کڕین بەو شێوازەی کە باسی لێوە دەکرێ، ئەنجام نادرێ."
ئەم روونکردنەوەیەی وەزارەتی نەوتی عێراق لە کاتێکدایە، فورات مووسەوی، سەرۆکی ناوەندی وزەی عێراق رایگەیاندبوو کە ئیمارات نەوتی رەشی عێراق هاوردە دەکات و دوای گۆڕینی بۆ بەنزین، بە عێراقی دەفرۆشێتەوە.


