رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ناوخۆی عێراق دەڵێت، لە ئۆپەراسیۆنێکی هەواڵگریدا توانیویانە سێ گرووپی "مەترسیدار"ی بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە دەستگیربکەن. یەکێک لە گرووپەکان تۆڕێکی نێودەوڵەتییە و بەشێوەیەکی نایاسایی بازرگانی بە "گورچیلەی" مرۆڤەوە کردووە.
رۆژی هەینی، 7ـی ئابی 2026، وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، لەسەر راسپاردەی حوسێن عەوادی، بریکاری باڵای وەزارەتی ناوخۆ و بە سەرپەرشتیی راستەوخۆی دادگەی لێکۆڵینەوەی کەرخی یەکەمی بەغدا، بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ، سێ گرووپی تاوانکاری دەستگیرکرد.
بەپێی راگەیێندراوەکە، یەکێک لەو گرووپانەی هەڵوەشێندراوەتەوە و ئەندامەکانی دەستگیرکراون، تۆڕێکی "نێودەوڵەتیی مەترسیدار" بووە، کە تایبەتبوون بە بازرگانیکردن بە ئەندامانی جەستەی مرۆڤ. ئەو گرووپە بەشێوەیەکی نایاسایی و لەڕێگەی قۆستنەوەی پێویستیی دارایی قوربانییانەوە "گورچیلەی" مرۆڤیان کڕیوە و فرۆشتوویانەتەوە.
وەزارەتی ناوخۆ ئاماژەی بەوەکردووە کە ئۆپەراسیۆنەکە دوای هەوڵێکی چڕی هەواڵگری و چاودێرییەکی مەیدانیی ورد هاتووە. دوای وەرگرتنی رەزامەندیی دادوەر، هێزە ئەمنییەکان ئەندامانی ئەو سێ گرووپەیان دەستگیرکردووە و دەستیان بەسەر ئەو بەڵگانەشدا گرتووە کە تێوەگلانیان لەو تاوانانەدا دەسەلمێنن.
تۆمەتبارەکان رەوانەی دادگە کراون. وەزارەتی ناوخۆ دەڵێت، "بەتووندی رووبەڕووی هەر کەس و لایەنێک دەبینەوە کە بیەوێت بازرگانی بە شکۆی مرۆڤەوە بکات یان پێویستییەکانی خەڵک بۆ مەبەستی تاوانکاری بەکاربهێنێت."
