رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی عێراق پێشوازی لە سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی گشتیی سعودیە کرد. لە کۆبوونەوەکەدا پەیامێکی سەرکردایەتیی سعودیە گەیێندرایە عەلی زەیدی کە تێیدا بانگهێشتنامەیەکی فەرمی بۆ سەردانی ریاز ئاراستە کراوە.
رۆژی هەینی، 7ـی ئابی 2026، نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیێندراوێکدا بڵاوی کردەوە، عەلی فالح زەیدی پێشوازی لە خالید بن عەلی حومێدان، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی گشتیی شانشینی عەرەبیی سعودیە و شاندێکی یاوەری کرد.
بەپێی راگەیێندراوەکە، حومێدان پەیامێکی سەرکردایەتیی سعودیەی گەیاندە عەلی زەیدی، کە تێیدا بانگهێشتی فەرمی ئاراستەی سەرۆکوەزیرانی عێراق کردووە بۆئەوەی سەردانی ریاز بکات.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، لە دیدارەکەدا باس لە رێگەکانی پەرەپێدانی هاوئاهەنگی و هاوکاریی هاوبەش کرا سەبارەت بە گۆڕانکارییە ئەمنییەکانی ناوچەکە.
سەرۆکوەزیرانی عێراق جەختی لە پەرۆشیی حکومەتەکەی کردەوە بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ سعودیە "بە جۆرێک کە خزمەت بە بەرژەوەندییە هاوبەشەکان و سەقامگیریی ناوچەکە بکات."
عەلی زەیدی رایگەیاند: "پاراستنی سەروەریی عێراق و بەرژەوەندییەکانی گەلەکەمان لە پێشینەی کارەکانمانە. رێگە نادەین خاکی عێراق بکرێتە سەرچاوەیەک بۆ هەر کار و چالاکییەک کە زیان بە وڵاتانی دیکە بگەیێنێت."
زەیدی ئاماژەی بەوەش کرد: "ئەم هەڵوێستە لە چوارچێوەی بەرپرسیارێتییە دەستوورییەکان و پابەندبوونی عێراقە بە پرەنسیپەکانی دراوسێیەتیی باش و رێزگرتن لە سەروەریی وڵاتانی دۆست و برا."
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "هەردوولا رێککەوتن لەسەر گرنگیی بەردەوامبوونی هاوئاهەنگیی ئەمنی و ئاڵوگۆڕی زانیاری لەنێوان دەزگا پەیوەندیدارەکانی هەردوو وڵات. ئەمەش بە مەبەستی بەرزکردنەوەی تواناکان بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییە ئەمنییەکان و گرتنەبەری رێکاری گونجاو لە چوارچێوەی یاسادا."
ئەم سەردانە لەکاتێکدایە، لە هێرشێکی هاوبەشی ئەمریکا و سعودیە لە بەرەبەیانی 29ی تەممووز، ژمارەیەک بارەگای حەشدی شەعبی لە 6 پارێزگای عێراق و کەرکووک بۆردوومان کران و لە ئەنجامدا 18 چەکداری حەشدی شەعبی کوژران و 20ی دیکە بریندار بوون.
دوای هێرشەکە، گرووپی موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق، ئەمڕۆ هەینی، 7ی ئابی دیاریکرد وەک دوایین وادە بۆ حکومەتی عێراق لەبارەی کاردانەوەى بەرامبەر بە هێرشەکانی سعودیە و ئەمریکا.
بەڵام هەر ئەمڕۆ لە راگەیێندراوێکدا بەرەی موقاوەمە رایگەیاند، لەسەر داوای هادی عامری و بەشێک لە سەرکردە سیاسییەکان، وەڵامدانەوەکەیان دواخستووە.


