رووداو دیجیتاڵ
دەستەی راگەیاندن و گەیاندنی عێراق دەڵێ، تاوەکو ئێستا هیچ بریکارێکی فەرمی یان فرۆشیارێکی رێگەپێدراوی کۆمپانیای (ستارلینک) لە عێراق نییە و هۆشداریش دەداتە ئەو کەسانەی بانگەشەی بریکارێتیی ئەو کۆمپانیایە دەکەن.
رۆژی هەینی، 7ی ئابی 2026، دەستەی راگەیاندن و گەیاندنی عێراق لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە: "هیچ بریکارێکی فەرمی یان فرۆشیارێکی رێگەپێدراوی کۆمپانیای (ستارلینک) لە عێراقدا نییە. هەر لایەنێکیش بانگەشەی ئەوە بکات، رووبەڕووی لێپرسینەوەی یاسایی دەکرێتەوە."
دەستەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، هەر بانگەشەیەک بۆ نوێنەرایەتیکردنی ستارلینک یان مافی فرۆشتنی خزمەتگوزارییەکانی ئینتەرنێتی مانگی دەستکرد لە عێراق "بۆ چەواشەکردنی بەکارهێنەرانە."
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، دیاریکردنی هەر بریکارێکی فەرمی لە داهاتوودا تەنیا لە رێگەی دەستەی راگەیاندن و گەیاندن و خودی کۆمپانیای ستارلینکەوە رادەگەیێندرێ، ئەوەش دوای ئەوەی هەموو رێکارە یاساییەکان و پێویستییە تەکنیکییەکان تەواو دەکرێن.
رۆژی 18ی تەممووزی ئەم ساڵ، لە رێوڕەسمێکی فەرمیدا لە بارەگای ژووری بازرگانیی ئەمریکا لە واشنتن، بەلیغ ئەبو گەلال، سەرۆکی دەستەی راگەیاندن و گەیاندنی عێراق مۆڵەتی کارکردنی بەخشییە کۆمپانیای ستارلینکی سەر بە ئیلۆن مەسک.
دەستەی راگەیاندن و گەیاندن داوا لە هاووڵاتییان و دامەزراوە حکومییەکان دەکات، هۆشیار بن و مامەڵە لەگەڵ هیچ کەس و لایەنێک نەکەن کە بانگەشەی نوێنەرایەتیکردنی (ستارلینک) دەکات.
ستارلینک، کۆمپانیایەکی جیهانییە و ئینتەرنێت لە رێگەی هەزاران مانگی دەستکردی بچووکەوە بۆ سەر زەوی دابین دەکات، بە یەکێک لە خێراترین و پێشکەوتووترین سیستمەکانی ئینتەرنێت لە جیهاندا دادەنرێت.



