رووداو دیجیتاڵ گوتەبێژی کەتیبەکانی سەیدولشوهەدای عێراق رایگەیاند، لۆژیکی نییە بەر لە چوونە دەرەوەی تەواوی هێزەکانی ئەمریکا باس لە چەکدانان بکرێت. دەشڵیت، لە دوای چوونە دەرەوەی ئەو هێزانە، پێویستییان بە چەک نامێنێت. کازم فەرتووسی، گوتەبێژی کەتیبەکانی سەیدولشوهەدا بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند: "لۆژیکی نییە بەر لە چوونە دەرەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق باس لە دانانی چەک و سنووردارکردنی بەدەستی دەوڵەت بکرێت لەکاتێکدا هێرش دەکرێتە سەر عێراق، وەک ئەو هێرشانەی ئەمریکا و سعودیە بەم دواییە کردیان." لە هێرشێکی هاوبەشی ئەمریکا و سعودیە لە بەرەبەیانی 29ی تەممووزدا بۆ سەر ژمارەیەک بارەگای حەشدی شەعبی لە 6 پارێزگای عێراق و کەرکووک، 20 چەکداری حەشدی شەعبی کوژران و 32ی دیکەش بریندار بوون. کازم فەرتووسی دەڵێت، رژدن لەسەر هەڵوێستی پێشوویان بۆ چوونەدەرەوەی هێزەکانی ئەمریکا و لە دوای چوونە دەرەوەشیان پێویستی بە مانەوەی چەک لە دەستی گرووپەکان نامێنێت. حکومەتی عێراق بانگەشەی ئەوە دەکات کە 30ی ئەیلوول دوا وادەیە بۆ کشانەوەی هێزەکانیی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە عێراق، ئەو هەنگاوەش مەرجی ئەو گرووپە چەکدارانەی موقاوەمەی ئیسلامییە بۆ دانانی چەکەکانیان کە تاوەکو ئێستا بەشدار نەبوون لە پرۆسەى سنووردارکردنى چەک بەدەستى دەوڵەت. گوتەبێژی کەتیبەکانی سەیدولشوهەدا رایگەیاند، دوای چوونە دەرەوەی سوپای ئەمریکا لە عێراق، ویستیان ئەوەیە کار لەسەر ئەوە بکرێت، کە وڵات لە هێرشی دەرەکی بپارێزن.