رووداو دیجیتاڵ هادی عامری، ئەمینداری گشتیی رێکخراوی بەدر لە بانگەوازێکدا داوای لە گرووپی موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق کرد، کاردانەوەکانیان بەرامبەر بە هێرشەکانی ئەمریکا و سعودیە دوابخەن و بەڵێنیان دەداتێ لە رێگەی دیپلۆماسییەوە بەدواداچوون بۆ مافی شەهید و بریندارەکانی ئەو هێرشانە دەکات. ئەو قسانەی هادی عامری لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا بوو کە بەرەبەیانی هەینی 7ی ئابی 2026 بڵاویکردەوە. هادی عامری گوتی: "بانگەوازێک ئاراستەی کوڕ و براکانم لە بەرگریی ئیسلامی لە عێراق، موجاهیدە پاڵەوانەکان دەکەم، هەر کاردانەوەیەک دژی هێرشەکەی ئەمریکا و سعودیە، کە عێراقی کردە ئامانج دوابخەن و ئارام لەسەر برینەکانتان بگرن لەپێناو بەرژەوەندیی باڵای عێراقدا." لە هێرشێکی هاوبەشی ئەمریکا و سعودیە لە بەرەبەیانی 29ی تەممووز، ژمارەیەک بارەگای حەشدی شەعبی لە 6 پارێزگای عێراق و کەرکووک بۆردوومان کران و بەو هۆیەوە 20 چەکداری حەشدی شەعبی کوژران و 32ی دیکە بریندار بوون. هادی عامری لە پەیامەکەیدا بەڵێنی بە گرووپی موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق دا، کە لە رێگەی دیپلۆماسییەوە بەدواداچوون بۆ مافەکانی شەهید و بریندارەکان بکات. گرووپی موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق کە نزیکە لە کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، رۆژی 7ی ئابی دیاریکرد وەک دوا وادە بۆ حکومەتی عێراق لەبارەی کاردانەوەى بەرامبەر بە هێرشەکانی سعودیە و ئەمریکا. شەوی رابردوو هێزە ئەمنییەکانی عێراق رێکاری ئەمنیی تووندیان لە بەغدا گرتەبەر لەدوای ئەوەی بە فەرمانی عەلی زەیدی، وەک فەرماندەى گشتى هێزە چەکدارەکان خرانە دۆخی ئامادەییەوە.