رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاریدا ئەو وەزارەتانەی کە وەزیریان نییە، بریکارەکانیان لە کۆبوونەوەی هەفتانەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دا بەشدار بن.
ئەو بڕیارەی عەلی فالح زەیدی، لە کۆبوونەوەی پێنجشەممەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دا دراوە.
نووسینگەی رۆژنامەڤانیی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، بەشداریکردنی ئەو بریکارانە لە کۆبوونەوەی هەفتانەی ئەنجوومەنی وەزیراندا تاوەکو ئەو کاتە دەبێت کە پۆستی وەزیر لە وەزارەتەکانیان پڕ دەکرێنەوە.
بڕیارەکە بریکارانی وەزارەتەکانی بەرگری، ناوخۆ، پلاندانان، ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن و شارەوانییەکان، خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، رۆشنبیری، کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، کۆچ و کۆچبەران، وەرزش و لاوان دەگرێتەوە.
چوار لە بەربژێرانی ئەو نۆ وەزارەتەی بەتاڵن، لە کۆبوونەوەی 14ـی ئایاری پەرلەمان متمانەیان وەرنەگرت؛ پێنج وەزارەتەکەی دیکەش تاوەکو ئێستا بەربژێریان بۆ دیاری نەکراوە و سەرجەمیان بە وەکالەت لەلایەن وەزیرانى دیکەى حکومەتەوە بەڕێوە دەبرێن.
لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیران، عەلی فالح زەیدی دەسەڵاتی دایە بریکارانی ئەو وەزارەتانەی کە وەزیریان نییە تاوەکو کاروباری وەزارەتەکانیان بەڕێوە ببەن، جگە لەو دەسەڵاتانەی تایبەتن بۆ ئەو وەزیرانەى دیکەى حکومەتەکەى کە بە وەکالەت وەزارەتە بەتاڵەکان بەڕێوە دەبەن.



