رووداو دیجیتاڵ
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبووەوە. کۆبوونەوەکەشی بە "بەرهەمدار" ناوبرد و رایگەیاند، باسیان لە دۆخی وڵات کردووە.
رۆژی چوارشەممە، 5ـی ئابی 2026، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە تۆڕی ئێکس رایگەیاند، کۆبوونەوەیەکی بەرهەمداری لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق کردووە، باسیان لە دۆخی وڵات و ئەو ئالنگارییانە کردووە کە رووبەڕوویان دەبنەوە.
نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند، پەرەسەندن و گۆڕانکارییە هەرێمییەکانیان خستووەتەڕوو، لەسەر هەردوو ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتی و کاریگەرییەکانیان لەسەر عێراق.
نێچیرڤان بارزانی پاڵپشتیی هەرێمی کوردستان و کارکردنی هاوبەشی بۆ سەرۆکوەزیرانی عێراق دووپاتکردووەتەوە بۆ جێبەجێکردنی کارنامەی حکومەتەکەی بەشێوەیەک کە لە خزمەتی سەرجەم پێکهاتەکان و بەدیهێنانی بەڵێنەکان بێت کە بە گەل دراون، لەبارەی چاکسازیی ئابووریی گشتگیر، دەستەبەرکردنی ئارامی و گەشەسەندن و پەرەپێدان لە بەدیهێنانی کاری لەپێشینەی نیشتمانی، لەپێش هەموویانەوە دەستەبەرکردنی ئاسایش و سەقامگیری و بەهێزکردنی رەوتی گەشەپێدان و باشکردنی ئاستی خزمەتگوزارییەکان.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "جەختمان لە گرنگیی یەکخستنی هەڵوێستەکان و چڕکردنەوەی هەوڵەکان و بەهێزکردنی هاوئاهەنگی لەنێوان دامەزراوە جیاوازەکانی دەوڵەتدا کردەوە، لەپێناو پاراستنی وڵات لە ئالنگاری و مەترسییەکان و پاراستنی سەروەری و سەقامگیرییەکەی و بەدیهێنانی بەرژەوەندیی باڵای گەلان کە خواستەکانیان بهێنێتەدی بۆ داهاتوویەکی ئاسایش و گەشەسەندووتر."
ئەو کۆبوونەوەیەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە بەغدا کرا، بەر لە بەشداریکردنی لە کۆبوونەوەی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت.



