رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق بە سێ ساڵ بەندکردن و پێبژاردن سزا درا، بەهۆی ئەوەی داوای پشکی لە پڕۆژەیەک کردووە، ئەگەرنا کێشەی بۆ دروست دەکات.
بڕیارەکە لەلایەن دادگەی کەتنی سێی کەرخەوە لە دژی باسم خەشان دەرکراوە، سزاکە بە شێوەی نائامادەبوون بووە، بەوپێیەی تاوەکو ئێستا ئەو پەرلەمانتارەی خولى پێشوو دەستگیر نەکراوە.
ئەو تۆمەتەی بەسەر باسم خەشاندا ساخ بووەتەوە ئەوەیە، کە داوای 20%ـی پشکی پڕۆژەی کۆمەڵگەی بەوابە وەسەت-ی لە خاوەنەکەی کردووە، تاوەکو وەک پەرلەمانتار ئاسانکاریی بۆ بکات، ئەگەرنا کێشەی بۆ دروست دەکات لە رێکارەکانی جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژەیەدا.
بەگوێرەی کۆنووسی بڕیاری دادگە، باسم خەشان ئەو کارەی لە رێگەی نێوەندگیرێکەوە کردووە، کە ناوی حەیدەر سەعید بووە.
باسم خەشان بەگوێرەی مادەکانی 308، 47، 48 و 49ی یاسای سزادانی عێراقی سزا دراوە، کە تایبەتن بە بەکارهێنانی پۆستی فەرمی بۆ بەدەستهێنانی دەستکەوتی کەسی.
باسم خەشان لە هەڵبژاردنی 2021ـی پەرلەمانی عێراق لە بازنەی موسەننا، 11 هەزار و 755 دەنگی بەدەستهێنا و بووە ئەندامی خولی پێنجەمی پەرلەمان.



