رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی عێراق دەڵێ، لە چەند رۆژی داهاتوودا مووچەی مامۆستایان و کارمەندانی خوێندنی باڵا دابەش دەکرێ.
رۆژی سێشەممە، 4ـی ئابی 2026، وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق لە راگەیێندراوێکدا دڵنیایی دایە فەرمانبەرانی زانکۆ و پەیمانگەکان و رایگەیاند، دواکەوتنی مووچە لە قۆناخی کۆتایی چارەسەردایە.
حوسێن موسەوی، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی عێراق بەوەکالەت، رایگەیاند: "بە شێوەیەکی راستەوخۆ بەدواداچوون بۆ ئەم دۆسیەیە دەکەم و لە هاوئاهەنگیی بەردەوامدام لەگەڵ وەزیری دارایی تاوەکو رێکارە دارایی و تەکنیکییەکان تەواو بکرێن."
وەزیری خوێندنی باڵای عێراق دەڵێ:" لە چەند رۆژی کەمی داهاتوودا پارەی پێویست دابین دەکرێ و دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکرێ."
لە 28ی تەممووزەوە دابەشکردنی مووچە لە عێراق دەستیپێکردووە، بەڵام هێشتا ژمارەیەک وەزارەت و دامەزراوە مووچەیان وەرنەگرتووە.
بەهۆی کەمبوونەوەی پارەی نەختینە و داهاتو، وەزارەتی دارایی عێراق رووبەڕووی کورتهێنان لە دابەشکردنی مووچە بووەتەوە. بەپێی ئامارەکان، حکومەتی عێراق مانگانە پێویستی بە زیاتر لە 7.8 تریلیۆن دینارە تەنیا بۆ دابینکردنی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان، کە ئەمەش بارگرانییەکی زۆری بۆ گەنجینەی دەوڵەت دروست کردووە.
ئابووریی عێراق بە رێژەی زیاتر لە 90% پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێت. لە چەند مانگی رابردوودا بەهۆی ناجێگیریی نرخی نەوت و کەمبوونەوەی هەناردە، داهاتی ناوخۆیی پاشەکشەی کردووە.



