رووداو دیجیتاڵ
شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق دەڵێ، لە ماوەی رێوڕەسمی چلەی ئیمام حوسێندا 46 کەس بە رووداوی هاتووچۆوە گیانیان لەدەستداوە.
فەریق سەعد مەعن، سەرۆکی شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق، رۆژی سێشەممە، 4ـی ئابی 2026 رایگەیاند:" پلانی ئەمنیی تایبەت بە رێوڕەسمی چلە بە سەرکەوتوویی جێبەجێ کرا."
سەرۆکی شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق گوتیشی: "لە پلانی ئەم ساڵدا جەختمان لەسەر ئەوە کردەوە کە دوور بکەوینەوە لە بەسەربازیکردنی شارەکان و دیمەنی چەکداری کەم بکرێتەوە."
سەعد مەعن ئاماژەی بەوە کرد، زیاتر لە 226 هەزار ئەفسەر و کارمەندی هێزە ئەمنییەکان بەشدارییان لە پاراستنی رێوڕەسمەکەدا کرد.
لەبارەی زیانە گیانییەکانیشەوە، سەرۆکی شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق رایگەیاند، 46 کەس بە رووداوی هاتووچۆوە گیانیان لەدەستداوە.
بەگوێرەی ئامارەکە، 34 کەسیان هاووڵاتیی عێراقی و 12 کەسەکەی دیکە زیارەتکاری بیانی بوون.
مەراسیمی چلەی ئیمام حوسێن ساڵانە بە بەشداریی ملیۆنان زیارەتکار لە نێوخۆی عێراق و وڵاتانی جیهانەوە بەڕێوەدەچێت بەرەو کەربەلا بەڕێدەکەون ئەم ساڵ کەوتە 4ی ئابەوە.



