رووداو دیجیتاڵ
عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاری دا هەموو گرێبەستە حکومییەکان بەر لەوەی واژۆ بکرێن، لە لایەن دیوانی چاودێریی داراییەوە وردبینییان بۆ بکرێ، تاوەکو رێگری لە هەدەردانی سامانی گشتی بگیرێ.
رۆژی سێشەممە، 4ـی ئابی 2026، عەلی فالح زەیدی سەردانی دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵی کرد و سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی هاوبەشی کرد کە تێیدا سەرۆکی دیوانی چاودێری، سەرۆکی دەستەی دەستپاکی و وەزیری دارایی عێراق ئامادە بوون.
کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە پەرەپێدانی رێکارەکانی پاراستنی سامانی گشتی و وردبینیی گرێبەستەکان.
سەرۆکوەزیرانی عێراق رێنمایی دا بە پەیڕەوکردنی پرەنسیپی "وردبینیی پێشوەختە" بۆ گرێبەستەکان بەر لە واژۆکردنیان.
زەیدی ئەم هەنگاوەی وەک رێکارێکی پارێزگاری ناوبرد و گوتی: "ئەمە وەک قەڵخانێکە بۆ دامەزراوەکان تاوەکو بەر لەوەی کێشەکان رووبدەن، چارەسەر بکرێن."
هەر لەم چوارچێوەیەدا، زەیدی فەرمانی دا بە پێکهێنانی تیمێکی پسپۆڕ لە دیوانی چاودێریی دارایی کە ئەرکی وردبینیی پێشوەختەی گرێبەستەکان بێت، بە مەرجێک کارەکانی لە 10 رۆژ زیاتر نەخایەنێت، تاوەکو رێگری لە خاوبوونەوەی پڕۆژەکان نەکرێ.
سەرۆکوەزیرانی عێراق جەختی لەوە کردەوە کە دەبێت نرخ لە گرێبەستە حکومییەکاندا دادپەروەرانە و گونجاو بێ؛ ئاماژەی بەوەش کرد کە گرانکردنی تێچووی پڕۆژەکان یەکێکە لە دەروازە سەرەکییەکانی گەندەڵی و پێویستە بە تووندی رووبەڕووی ببنەوە.
زەیدی داوای لە دیوانی چاودێری و دەستپاکی عێراق کرد کە ببنە "چاوی دەوڵەت" بۆ دۆزینەوەی کەلێنەکان بەر لەوەی ببنە دۆسیەی گەندەڵی.
سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، پێویستە دیوانی چاودێریی دارایی لە هەموو ململانێ و پشکپشکێنەیەکی سیاسی دوور بخرێتەوە و تەنیا بنەماکانی لێهاتوویی، بێلایەنی و پیشەییبوون لە کارەکانیدا پەیڕەو بکرێت.



