رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق رێکار لەبارەی جۆرە ماسییەک دەگرێتەبەر کە بە "زیانبەخش" ناوی دەبات، ماسییەکە لە رێگەی فوڕاتەوە هاتووە و بە ئاوەکانی عێراق دا بڵاوبووەتەوە.
ئەو جۆرە ماسییە بە "سەلووری ئەفریقی" ناسراوە، دیمەنەکانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی عێراق بڵاوکراونەتەوە؛ بەخێوکارانی ماسی گازندەیان لەبارەی زۆربوونی ئەو ماسییە هەیە.
قوسەی حەتاب، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: ئەو ماسییە زیانبەخشە و پەنجەماسییەکان دەخۆن، بەڵام گۆشتەکەی دەخورێت و کێشەى نییە".
سەلوور، ژینگەی سەرەکیی ئەفریقایە، راوکەری ماسیی دیکەیە و قەبارەی گەورە دەبێت تاوەکو نزیکەی یەک مەتر.
قوسەی حەتاب رایگەیاند، ئەو جۆرە ماسییە زیاتر لە ئاوە گەرمەکاندا دەژی، لە عێراق زیاتر لە رووباری فورات هەیە و هەر لەو رێگەیەوە گەیشتووەتە عێراق؛ چونکە لە تورکیا و سووریا بەخێو دەکرێن و دەفرۆشرێن.
گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق رایگەیاند، وەزارەتەکەی بڕیاری داوە بۆ کەمکردنەوەی ماسیی سەلوور، داوا لە راوچییانی ماسی بکرێت بیگرن و لێیان وەربگیرێتەوە بۆ ئەوەی بۆ عەلەفی پەلەوەر بەکاربهێنرێت، بڕیاریشە لیژنەیەک پێکبهێنرێت بۆ دیاریکردنی ئەوەی، کە نرخی وەرگرتنی چەند دەبێت.
هەندێک لەو ماسییە زیانبەخشانەی کە لە عێراق هەن و پەنجەماسی دەخۆن، کیلۆیەکی بە هەزار و 500 دینار لە ماسیگرەکان وەردەگیرێت.




