رووداو دیجیتاڵ وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، فرۆشی نەوت بەراورد بە مانگەکانی رابردوو "باشتر" بووە و وەزارەتەکەش بەرپرس نییە لە گواستنەوەی نەوت لە تەنگەی هورمز، بەڵام چاودێریی جووڵەى گەشتیەکانى گوێزەرەوەى نەوتەکەى دەکات. سێشەممە 4ی ئابی 2026، سەلیم روکابی، گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: کەشتییەکانی گواستنەوەی نەوتی عێراق بە تەنگەی هورمزدا تێپەڕ دەبن، کە لە چەند مانگى رابردوودا نەوتى عێراقیان کڕیوە. سەبارەت بە گواستنەوەی نەوتەکە لە تەنگەی هورمز، گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق گوتی: "لە دوای بارکردنیان لە بەندەرەکانی عێراق و رۆیشتنی کەشتییەکانی گواستنەوەی نەوت بەرەو تەنگەی هورمز، وەزارەتی نەوت بەرپرس نابێت لە ئاراستەکەی یان وەرگرتنی رەزامەندی بۆ تێپەڕینیان." بەهۆی دۆخی ئاڵۆزی ناوچەکە لەنێوان ئەمریکا و ئێران، کێشە بۆ جووڵەی کەشتییەکان لە تەنگەی هورمز لە کەنداو دروست بووە و هەردوولا تاوەکو ئێستا نەگەیشتوونەتە رێککەوتنی کۆتایی لەسەر ئەو پرسە. سەلیم رۆوکابی رایگەیاند: "وەزارەتی نەوتی عێراق لە بەندەرەکاندا نەوت دەفرۆشێت و دوای ئەوە کڕیارەکە بەرپرسیارێتیی گواستنەوەی لە ئەستۆ دەگرێت، وەزارەتی نەوتیش چاودێریی جووڵەی کەشتییەکان لە رێگەی سیستمێکی جیهانییەوە دەکات." بەگوێرەی ئاماری کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ)، مانگی تەمووز هەناردەی نەوت لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکیا و کەنداوەوە گەیشتووەتە 42 ملیۆن بەرمیل نەوت، بەڵام بۆ هەردوو مانگی ئایار و حوزەیران بەتێکڕا هەناردە 32 ملیۆن بەرمیل بووە. گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، فرۆشی نەوتی عێراق لەم چەند مانگەدا باشتر بووە لە پێشوو، مانگی تەمووز لە مانگی حوزەیران باشتر بووە و ئەوەش ئاماژەیە بۆ باشتربوونی فرۆشی نەوت بەراورد بە ئەو قۆناخەی کە کێشە بۆ هەناردەکە دروست ببوو."