رووداو دیجیتاڵ
نزیکەی هەفتەیەکە دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی عێراق دەستیپێکردووە و تاوەکو ئێستا تەواو نەبووە، ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، کۆتایی ئەم هەفتەیە دابەشكردنی مووچە تەواو دەبێت. دوو پەرلەمانتاریش پێشبینی دەکەن هەفتەی داهاتوو دانیشتنی تایبەت بە میوانداریکردنی وەزیری دارایی بکرێت، کە خۆی داوای کردووە.
عامر رەحیم، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە لیژنەی خزمەتگوزاری بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "پێشبینی دەکرێت هەفتەی داهاتوو پەرلەمان میوانداریی وەزیری دارایی بکات".
ئەو پەرلەمانتارە لە 3ی ئاب بە نووسراوێک داوای لە پەرلەمان کردبوو کۆبوونەوەیەکی نائاسایی بە میوانداریی وەزیری دارایی بۆ تاوتوێی دۆخی ئابووری و دارایی و دواکەوتنی مووچە ئەنجام بدرێت.
عامر رەحیم گوتی: "لەو دانیشتنەی کە وەزیری دارایی میوانداری دەکرێت، تاوتوێی دۆخی دارایی و چارەسەرەکان و هەنگاوەکانیان لەبارەی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتی 2027 دەکرێت".
بەهۆی کەمبوونەوەی داهات، وەزارەتی دارایی عێراق رووبەڕووی کورتهێنان لە دابەشکردنی مووچە بووەتەوە، کە مانگانە زیاتر لە 7.8 تریلیۆن دیناری پێویستە.
زیرەک زێباری، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەم هەفتەیە لە عێراق پشووە و هەفتەی داهاتوو کۆبوونەوەکانی پەرلەمان دەستپێدەکەنەوە، بۆیە پێشبینی دەکرێت هەفتەی داهاتوو دانیشتنی تایبەت بە میوانداریکردنی وەزیری دارایی بکرێت".
لە 28ی تەمووزەوە دابەشکردنی مووچە لە عێراق دەستیپێکردووە، بەراورد بە مانگەکانی سەرەتای ئەم ساڵ لە وادەی خۆی دواکەوتووە.
بە گوتەی زیرەک زێباری، تاوەکو کۆتایی ئەم هەفتەیە مووچەی هەموو وەزارەت و فەرمانگەکانی عێراق دابەش دەکرێت و ئەو دواکەوتنە بەهۆى ئەوە بووە، زیاتر لە سێ تریلیۆن دینار کورتهێنانى پارەى مووچە هەبووە و پێشبینی دەکرێت ئەگەر دۆخەکە بەم شێوەى ئێستا بەردەوام بێت، کورتهێنانى سێ مانگى داهاتوو زیاتر دەبن.
ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، دەکەوێتە دوای دابەشکردنی مووچەی سەرجەم وەزارەت و دامەزراوەکانی دیکە.
سەلوان ئاکرەیی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "تاوەکو 3ی ئاب، چەند وەزارەتێک مابوون کە مووچە وەربگرن، لەوانە وەزارەتی خوێندنی باڵا و کارەبا و سەرچاوەکانى ئاو، بەشێک لە فەرمانگەکانى وەزارەتەکانى تەندروستى، پیشەسازى مووچەیان وەرگرتووە و وەزارەتى پەروەدەش بەگوێرەى پارێزگاکان مووچە دابەش دەکرێت".
بەگوێرەى ئەو زانیاریانەى رووداو لە سەرچاوەیەکى بەرپرس لە بەغداوە وەریگرتووە، ئێستا وەزارەتى دارایی فیدراڵ لەنێوان 1.5 بۆ دوو تریلیۆن دینارى لەبەردەستە و چاوەڕێى کۆکردنەوەى داهات دەکەن و هەر پارەیەک بچێتە سەر هەژمارى وەزارەتى دارایی وەزارتێک یان دەستەیەک ئاگادار دەکەنەوە کە مووچە وەربگرن.
پێشبینی دەکرێت بۆ مانگی دووەم لە دوای یەک، بەغدا بە لێبڕینی 120 ملیار دینارەوە مووچەی هەرێمی کوردستان بنێرێت.
سەرچاوەیەکی بەرپرس لە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاند: "ئەم مانگە بۆ کورتهێنانی 120 ملیار دیناری داهات کە بەغدا بڕیویەتی لەگەڵ 40 ملیار دیناری دیکەی مووچەی گرێبەستەکان، ناتوانرێت هیچ بڕە داهاتێکی دیکە رادەستی بەغدا بکرێت، لەبەر ئەوەی بۆ خەرجی ناوخۆ پێویستییانە و پێشبینی دەکەن ئەم مانگەش بەغدا بە لێبڕینی 120 ملیار دینارى داهاتى ناوخۆییەوە پارە بنێرێت".




