رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ بەشداریکردن لە رێوڕەسمی چلەی ئیمام حوسێن گەیشتە کەربەلا و رایدەگەیێنێت، پەیوەندییەکانی تاران و بەغدا لە باشترین ئاستی مێژوویی خۆیدایە و رێوڕەسمی چلەش بە "مانۆڕێکی گەورەی یەکڕیزی" نێوان هەردوو وڵات ناودەبات.
نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە، 3ی ئابی 2026، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران گەیشتە شاری نەجەف و دوای سەردانیکردنی مەزاری ئیمام عەلی، بەپێ رێگەی نێوان نەجەف و کەربەلای بڕی و گەیشتە مەزاری ئیمام حوسێن و ئیمام عەباس. لەم سەردانەدا باڵیۆزی ئێران لە بەغدا و کونسووڵی ئێران لە بەسرە یاوەری وەزیری دەرەوە بوون.
"پەیوەندییەکانمان لە باشترین ئاستدان"
عەباس عێراقچی لە لێدوانێکدا بۆ میدیایی فەرمیی عێراق رایگەیاند، "خۆشبەختانە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ حکومەتی عێراق ئێستا لە باشترین ئاستدایە، بەتایبەت دوای ئەو گفتوگۆ بەرهەمدارانەی لە سەردانەکەی ئەم دواییەی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ تاران کران."
وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوەش کرد، کە هاوئاهەنگییەکی "ورد و نزیک" لە نێوان هەردوو وڵاتدا هەیە لە بوارەکانی سیاسی، ئابووری، بازرگانی و ئەمنیدا؛ "بەتایبەت لە دۆسیەی پاراستنی سنوورەکان، رێکخستنی جووڵەی بازرگانی و پەرەپێدانی هێڵە هاوبەشەکانی ترانزێت."
عێراقچی رێوڕەسمی چلەی ئیمام حوسێنی بە "مانۆڕێکی گەورە" وەسف کرد کە وەک ئەو دەڵێت، دەرخەری یەکڕیزیی گەلی عێراق و ئێرانە. عێراقچی گوتیشی، "زۆرینەی بەشداربووانی ئەم رێوڕەسمە خەڵکی عێراق و ئێرانن، ئەمەش نیشانەی قووڵیی پەیوەندییە ئاینی و عەقیدییەکانی نێوانمانە."



