رووداو دیجیتاڵ
وەزیری نەوتی عێراق رایدەگەیێنێت، پلانێکی نوێیان هەیە بۆ گواستنەوەی بەشێک لە نەوتی کێڵگەکانی باشوور بۆ بۆرییەکانی باکوور تاوەکو ئاستی هەناردە بۆ بەندەری جەیهان بگاتە سەروو 700 هەزار بەرمیل. ئاشکراشی دەکات کە لەگەڵ ئێران لە گفتوگۆدان بۆ مسۆگەرکردنی جووڵەی تانکەرە نەوتییەکان لە تەنگەی هورمز.
رۆژی دووشەممە، 3ی ئابی 2026، باسم محەممەد خەزیر، وەزیری نەوتی عێراق بە ئاژانسی فەرمیی وڵاتەکەی راگەیاند، حکومەتی عێراق پلانی هەیە، بەشێک لە نەوتی کێڵگەکانی باشووری عێراق لەرێگەی بۆرییەکانی باکوورەوە هەناردە بکات، ئەمەش بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنە نەوتییەکەی نێوان عێراق و تورکیا، کە لە یەکی ئابی ئەم ساڵ واژۆکرا.
رۆژی 1ـی ئابی ئەم ساڵ، عێراق و تورکیا رێککەوتنێکی یەکساڵەیان واژۆکرد، ئەمەش دوای ئەوەی کە رێککەوتنە کۆنەکەی نێوان ئەو دوو وڵاتە بۆ هەناردەی نەوت بۆ جەیهان لە 26ی تەممووزی ئەم ساڵ کۆتایی هاتبوو.
لە رێککەوتنەکەدا ئاستی هەناردەکردنی نەوت لەرێگەی جەیهانەوە بۆ 750 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا دیاریکراوە.
وەزیری نەوت ئاماژەی بەوە کرد، رێککەوتنەکەیان لەگەڵ تورکیا بۆ ماوەی ساڵێک درێژکراوەتەوە و لەو ماوەیەدا کار دەکرێت بۆ ئامادەکردنی رێککەوتنێکی چوارچێوەیی درێژخایەن. گوتیشی، "ئامانجی رێککەوتنەکە گەرەنتیکردنی بەردەوامیی هەناردەکردنی نەوتی خاوی کێڵگەکانی هەرێمی کوردستانە، جگە لە هەناردەکردنی بەشێک لە نەوتی باشوور، تاوەکو کۆی هەناردە لەو رێگەیەوە بگاتە زیاتر لە 700 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا."
لەبارەی هەناردەکردنی نەوت لە رێگەی تەنگەی هورمزەوە، وەزیری نەوتی عێراق باسی لەوەکرد، شاندێکی عێراقی لە گفتوگۆدایە لەگەڵ تاران بۆ تاوتوێکردنی ئاسانکاری و بەردەوامیی جووڵەی تانکەرە نەوتییەکانی عێراق لە تەنگەی هورمزدا.
وەزیری نەوتی عێراق گوتی: "چاوەڕوان دەکرێت لە چەند رۆژی داهاتوودا لێکتێگەیشتنی گەورە لەگەڵ ئێران بێتە ئاراوە بۆ ئەوەی بارە نەوتەکان بە سەلامەتی و بەبێ گرفت لە تەنگەکەوە تێپەڕبن."
وەزیری نەوت ئاماژە بەوە دەکات، سیاسەتی حکومەتەکەی عەلی فالح زەیدی لەسەر بنەمای "بنیاتنانی پردی پەیوەندی و وەبەرهێنانی هاوبەشە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ." هەروەها راشیگەیاند، "ئەو داهاتە داراییەی لە زیادبوونی هەناردەی نەوت و پەرەپێدانی گرێبەستە نێودەوڵەتییەکان دەستدەکەوێت، بۆ بنیاتنان و نۆژەنکردنەوەی کەرتەکانی تەندروستی، پەروەردە و رێگەوبان تەرخان دەکرێت."
لەدوای هێرشەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر ئێران، ئاڵۆزییە بەردەوامەکانی ناوچەکە و داخرانی تەنگەی هورمز، هەناردەی نەوتی عێراق لەڕێگەی هورمزەوە بۆ ئاستێکی زۆر نزم دابەزیوە و تاکە رێگەی هەناردەکردنی نەوت، لەڕێگەی هەرێمی کوردستانەوەیە بۆ بەندەری جەیهان لە تورکیا.



