رووداو دیجیتاڵ
ئەمینداری گشتیی کەتیبەکانی حیزبوڵڵای عێراق، هێرشی تووند دەکاتە سەر ئەمریکا و سعودیە و رایدەگەیێنێت، "دەستبەرداری چەکی مقاوەمە نابین" و کار دەکەن بۆ ئەوەی جبەخانە سەربازییەکانیان گەورەتر بکەن بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو قۆناخە نوێیەی ناوچەکە پێیدا تێدەپەڕێت.
رۆژی دووشەممە، 3ی ئابی 2026، ئەبو حوسێن حمێداوی، ئەمینداری گشتیی کەتیبەکانی حیزبوڵڵای عێراق لە پەیامێکدا رایگەیاند، "ئەو رووداوانەی لە ساڵی رابردوودا بەسەر ئوممەتدا هاتوون و ئەو خوێنەی رژاوە، وامان لێدەکات سوورتر بین لەسەر هەڵگرتنی چەک و پەرەپێدانی تواناکانمان."
حمێداوی دەڵێت، دۆخی ناوچەکە وایان لێدەکات کە دەستبەرداری "چەکی مقاوەمەوە" نەبن، "بەڵکو پەرەی پێ بدەین و جبەخانەکەی گەورەتر بکەین."
ئەمینداری گشتیی کەتیبەکانی حیزبوڵڵا باسی لە پێویستیی رێکخستنەوەی نێوماڵی گرووپەکەی کرد و رایگەیاند، "پێویستە هەوڵ بدەین بۆ پاککردنەوەی فەزای ئەمنیمان، لەگەڵ جەختکردنەوە لەسەر پێویستیی پابەندبوونی تەواو بە رێکارە ئەمنییەکان و پاراستنی نهێنییەکان، بۆ ئەوەی تێگری لە هەر کەسێک بکەین کە بیەوێت زیانمان پێبگەیێنێت."
ئەبو حوسێن حمێداوی لە پەیامەکەیدا هێرشی تووند دەکاتە سەر ئەمریکا و سعودیە و ئاماژە بەوە دەکات، "ئەو تاوانەی دوژمنی ئەمریکی - سعودی دەرهەق بە رۆڵەکانمان کردیان، پێشهاتێکی مەترسیدارە و ئاماژەیە بۆ پێشهاتی نوێ کە رەنگە ببێتە بنەمای قۆناخێکی نوێ لە ناوچەکەدا."
بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە 29ی تەممووزی 2026 سعودیە بە هاوئاهەنگیی ئەمریکا ژمارەیەک هێرشی کردە سەر بنکە و بارەگاکانی حەشدی شەعبی، بەهۆی هێرشەکە 18 سەربازی حەشدی شەعبی کوژران و 22ی دیکەش برینداربوون.
حەمیداوی هەڕەشەی تۆڵەکردنەوە دەکات و دەڵێت، "هەر دەستدرێژکارێک دەبێت باجی دەستدرێژییەکانی بە دوو هێندە بداتەوە." هەروەها باس لەوە دەکات کە جەنگی ئەم قۆناخە تەنیا سەربازی نییە؛ "جیهادی سەربازی لەگەڵ جیهادی راگەیاندن یەکدەخەین بۆ رووبەڕووبوونەوەی دووژمنان و پاشکۆکانیان بە هێزێکی تووندەوە."



