رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، ئەو رێککەوتنەی بڕیارە وەزیری نەوت لە تورکیا بۆ هەناردەی نەوت واژۆی بکات کاتییە و بۆ ماوەی ساڵێک دەبێت. بەگوێرەی رێککەوتنەکە بەشێوەیەکی بەرایی رۆژانە 750 هەزار بەرمیل نەوت هەناردەدەکرێت، لەگەڵ گەڕانەوەی هەرێمی کوردستان بۆ تەواوی توانای بەرهەمهێنانەوەی نەوت.
رۆژی شەممە، 1ـی ئابی 2026، سەلیم روکابی، گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، ئەو رێککەوتنەی بڕیارە باسم محەممەد عەبادی، وەزیری نەوت لە تورکیا واژۆی بکات، کاتیی دەبێت بۆ ماوەی ساڵێک، بۆ ئەوەی هەناردەی نەوتی عێراق لەرێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە بەردەوام بێت.
سەلیم روکابی رایگەیاند، رێککەوتنەکە تاوەکو ئەو کاتە دەبێت کە رەشنووسی رێککەوتنێکی درێژخایەن لەگەڵ تورکیا ئامادەدەکرێت، کە گشتگیر دەبێت بۆ پڕۆژەکانی وزە.
1ـی ئابی 2026، وەزارەتی نەوتی عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوەدا، باسم محەممەد عەبادی، وەزیری نەوت، رۆژی شەممە بە سەرۆکایەتیی شاندێک بەرەو تورکیا بەڕێدەکەوێت.
گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، وەک لایەنی عێراق، کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) و کۆمپانیای نەوتی باکوور، لایەنی تورکیاش کۆمپانیای (بۆتاش) رێککەوتنەکە واژۆدەکەن، بەشێوەیەکی بەرایی هەناردەکردنی رۆژانەی نەوت نزیکەی 750 هەزار بەرمیل دەبێت، کە پەیوەستە بە باشبوونی دۆخی ئەمنی و گەڕانەوەی بەرهەمهێنانەوەی نەوت لە هەرێمی کوردستان بۆ هەموو توانای خۆی و تەواوکردنی کارە لۆجستییەکان بۆ گواستنەوەی بڕی زیاتری نەوتی باشوور بۆ باکوور.
26ـی تەممووز، ئەو رێککەوتنەی کۆتاییهات کە لەنێوان عێراق و تورکیا لەبارەی هەناردەی نەوت هەبوو، رێککەوتنەکە لە ساڵی 1973 واژۆکرابوو و چەند جارێکیش نوێکراوەتەوە.
مانگی حوزەیرانی 2025، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا بڕیاریدا کە رێککەوتنەکە درێژنەکاتەوە، ئەوەش ساڵێک پێش کۆتاییهاتنی رێککەوتنەکە بوو.
سەلیم روکابی رایگەیاند، کارکردن بەردەوامە بۆ تەواوکردنی رێکارەکانی کارپێکردنی هێڵی (بەسرە - حەدیسە - کەرکووک - جەیهان) بۆ زیادکردنی بڕی هەناردەی نەوت لەو رێگەیەوە.
بەهۆی دۆخی جەنگ لە ناوچەکە، کێشە بۆ هەناردەی نەوتی عێراق لەرێگەی تەنگەی هۆرمز دروستبووە، بۆیە پەنای بۆ هەناردەی نەوت لەرێگەی بۆریی هەرێمی کوردستان بە ئاراستەی بەندەری جەیهانی تورکیا بردووە.
بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی نەوتی عێراق، لە هەردوو مانگی ئایار و حوزەیراندا، 10.3 ملیۆن بەرمیل نەوت لەرێگەی بەندەری جەیهانەوە هەناردەکراوە کە 1.5 ملیۆن بەرمیلی لە نەوتی هەرێمی کوردستان بووە.



