رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی عێراق، واژۆکردنی رێککەوتنی هەناردەکردنی نەوت لەگەڵ تورکیا بە "دەستکەوتێکی ستراتیژی" ناودەبات و رایدەگەیێنێت، لانیکەم رۆژانە 750 هەزار بەرمیل نەوت لەرێگەی بۆریی نێوان هەردوو وڵاتەوە هەناردەی بەندەری جەیهان دەکرێت.
رۆژی شەممە، 1ـی ئابی 2026، عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) بڵاویکردەوە، "ئەمڕۆ دەستکەوتێکی ستراتیژیی گرنگ بۆ دابینکردنی بەردەوامیی هەناردەی نەوتمان و بەهێزکردنی هاوکاریی ئابووری لەگەڵ تورکیا بەدیهات."
سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەکرد، هەردوو وڵات رێککەوتنێکیان واژۆکردووە بۆ گواستنەوە و بارکردنی نەوتی خاوی عێراق لەرێگەی بۆریی عێراق - تورکیاوە بۆ بەندەری جەیهان، کە "کەمترین ئاستی هەناردەکردن تێیدا 750 هەزار بەرمیل دەبێت لە رۆژێکدا."
بەگوتەی عەلی فالح زەیدی، کۆمپانیا عێراقی و تورکییەکان دەستبەجێ ئەرکەکانیان لەم چوارچێوەیەدا دەستپێدەکەن. هەروەها ئاشکرایکرد کە هەردوو حکومەت کاردەکەن بۆ تەواوکردنی "رێککەوتنێکی چوارچێوەیی" کە سێکتەرەکانی نەوت، کارەبا و سەرچاوە ئاوییەکان و بوارەکانی دیکەی گەشەپێدان و سەقامگیری دەگرێتەوە.
رێککەوتنی پێشووی نەوتی نێوان تورکیا و عێراق لە 26ـی تەممووز کۆتاییهاتبوو، بەڵام رێککەوتنە نوێیەکە کە لەگەڵ وەزارەتی وزەی تورکیا و کۆمپانیای (بۆتاش) واژۆکراوە، دڵنیایی دەدات لە بەردەوامیی هەناردەکردن بۆ ماوەی یەک ساڵی تەواو.
وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند، ئامانجی عێراق تەنیا 750 هەزار بەرمیل نییە، بەڵکو لە ماوەی ئەم ساڵەدا کاردەکەن بۆ واژۆکردنی رێککەوتنێکی نوێ بەمەبەستی بەرزکردنەوەی ئاستی هەناردەکردن بۆ 1.5 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا، ئەوەش لەرێگەی نوێکردنەوەی رێککەوتنە مێژووییەکەی ساڵی 1973ـی نێوان هەردوو وڵات.


