رووداو دیجیتاڵ حکومەتی عێراق فەرمانیدا ئامادەیی هێزە چەکدارەکان بۆ بەرزترین ئاست زیادبکرێت و سیستمی بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکەش بەهێزبکرێت. سەباح نوعمان، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، رۆژی هەینی، 31ـی تەممووز رایگەیاند، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق "فەرمانی تووند و دەستبەجێی دەرکردووە" بۆ بەرزکردنەوەی ئامادەیی لە تەواوی سەربازگە و بنکەکان. سەباح نوعمان ئاماژەی بەوەکرد، بونیادنانەوە و مۆدێرنکردنی تواناکانی بەرگریی ئاسمانی "لە کارە لەپێشینەکانە" و پلانەکان بۆ دابینکردنی راداری پێشکەوتوو و سیستمی دۆزینەوەی پێشوەختە خێرادەکرێن. ئەم بڕیارانەی بەغدا دوای ئەوە دێن کە رۆژی چوارشەممە، فڕۆکەکانی ئەمریکا و سعودیە چەند بنکەیەکی حەشدی شەعبییان بۆردوومانکرد. لەو هێرشانەدا 20 چەکدار کوژران. ریاز رایگەیاند، هێرشەکان وەڵامێک بوون بۆ هێرشی درۆنی گرووپە چەکدارەکانی عێراق بۆسەر دامەزراوە نەوتییەکانی سعودیە. سەباح نوعمان گوتی، عەلی زەیدی جەختی لەسەر بەهێزکردنی چالاکییە هەواڵگرییەکان کردووەتەوە و فەرمانیداوە "چەک تەنیا لە دەستی دەوڵەت بێت" و رێگری لە هەر جۆرە "کارێکی تاکەکەسیی نابەرپرسیارانە" بگرن. عێراق چەندین جار رایگەیاندووە، رەتیدەکاتەوە خاکی وڵاتەکەی بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ بەکاربهێندرێت.