رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانتارێکی عێراق ئاماژە بەوە دەکات کە حکومەت بۆ دابینکردنی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان رووبەڕووی کورتهێنانێکی راستەقینە بووەتەوە و دەڵێت، وەزیری دارایی پێی گوتووە، "مانگانە پێویستمان بە 7.8 تریلیۆن دینارە، بەڵام ئێستا زیاتر لە 3 تریلیۆن دینار کورتهێنان هەیە."
حەیدەر موتیری، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ فالح ساری، وەزیری دارایی عێراق، وردەکاریی دۆخی دارایی و گرفتی مووچەی ئاشکراکرد. ئەو پەرلەمانتارە بە رووداوی راگەیاند، وەزیری دارایی عێراق پێی راگەیاندووە کە کۆی پارەی پێویست بۆ مووچەی مانگانەی (فەرمانبەران، خانەنشینان و چاودێریی کۆمەڵایەتی) بڕی حەوت تریلیۆن و 800 ملیار دینارە.
حەیدەر موتیری دەڵێت، "تاوەکو ئێستا تەنیا سێ تریلیۆن دینار بۆ هەندێک لە وەزارەتەکان تەرخانکراوە. ئێستاش وەزارەتی دارایی تەنیا 1.5 تریلیۆن دیناری لەبەردەستە و هەوڵدەدرێت بڕەکەی بگەیێندرێتە 1.65 تریلیۆن دینار تەنیا بۆ ئەوەی مووچەی خانەنشینانی پێ بدرێت."
ئەمە بەو واتایە دێت کە ئێستا حکومەتی عێراق بۆ دابینکردنی مووچەی تەواوی وەزارەت و دامەزراوەکانی دیکە، پێویستی بە 3 تریلیۆن و 300 ملیار دیناری دیکەیە کە وەک کورتهێنان لەبەردەم وەزارەتی دارایی ماوەتەوە.
بەڵام جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق پێیوایە بۆ ئەم مانگە عێراق کێشەی کەمیی نەختینەی چارەسەرکردووە، بۆیە دەستی بە دابەشکردنی مووچە کردووە. جەمال کۆچەر بە رووداوی گوتی، "عێراق لەنێو کێشەی کەمیی نەختینە و داهاتیشدایە، واتە پارە لەبەردەستدا نەماوە و داهاتیش زۆر کەمبووەتەوە. دەبێت بزانین کێشەی نەختینە دوای سێ مانگ لە کەمبوونەوەی داهات دەردەکەوێت."
ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی دەڵێت، "ئەو داهاتەی مانگی دوو و سێ و چوار و پێنج هەبوو، داهاتی سێ بۆ چوار مانگی پێشتر بوو، ئێستا ئەگەر نەوتیش بەتەواوی بفرۆشین، پارەکەی سێ مانگی دیکە دێت، واتە کێشەی کەمیی نەختینە لانیکەم سێ مانگی دیکە بەردەوام دەبێت."
لە 28ـی ئەم مانگەوە، وەزارەتی دارایی فیدراڵ دابەشکردنی مووچەی دەستپێکرد، کە بەراورد بە مانگەکانی سەرەتای ئەمساڵ لەکاتی خۆی دواکەوتووە و هێشتا چەند وەزارەتێک مووچەکانیان وەرنەگرتووە.



