رووداو دیجیتاڵ
چوار پەرلەمانتار سکاڵایەکیان لە دادگەی باڵاى فیدراڵی عێراق لە دژی بڕیارێکی حکومەتی خۆجێیی نەینەوا تۆمار کردووە لەبارەی چارەنووسی 35 هەزار پارچە زەویی ناوچەکانی مادەی 140، پێیان وایە "هەوڵە بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەکە".
سکاڵاکان لەلایەن چوار پەرلەمانتاری نوێنەری کریستیان، شەبەک، کاکەیی و ئێزدی لە دژی سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگا و پارێزگاری نەینەوا تۆمار کراون.
سکاڵاکاران داوا دەکەن بڕیارێکی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا هەڵبوەشێنرێتەوە لەبارەی یەکلاکردنەوەی چارەنووسی چەند پارچە زەوییەک لە سنووری پارێزگای نەینەوا.
محەممەد کاکەیی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، سکاڵاکە تایبەتە بە بڕیارێکی ئەنجوومەنی پارێزگا کە لە 20ی حوزەیرانی ئەم ساڵدا داویەتی، لەبارەی چارەسەرى کێشەى نزیکەی 35 هەزار پارچە زەوی لە هەردوو ناوچەی قەزەفەخرە و جڵێوخان، کە ئێستا لە سنووری شارەوانیی موسڵدان.
ئەو دوو ناوچەیە لە تاپۆدا بە ناوی قەزای حەمدانییەوەن کە ناوچەیەکی سنووری مادەی 140ی دەستووری عێراقە و زۆرینەی دانیشتووانەکەیان کوردی شەبەکن.
محەممەد کاکەیی رایگەیاند، ئەو زەوییانە پێش رووخانی دەسەڵاتى پێشووی عێراق دابەش کراون، بەڵام خاوەنەکانیان وەریان نەگرتووە بە هۆى ئەوەی ناوچەکە کەوتووەتە سنووری مادەی 140 و لیژنەیەک لە ئەنجوومەنی پارێزگا پێکهێنرا و راسپاردەی وابوو کە بەسەر ئەو کەسانەدا دابەش بکرێت کە پێشتر پێیان دراوە، بەڵام بەهۆی سکاڵای ئەو پەرلەمانتارانەوە مامەڵەی بەناوەوەکردنیان راگیراوە.
ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا لە راگەیێنراوێکدا لەبارەی ئەو سکاڵایە ئاماژەی بەوە داوە کە پێگەی یاساییان لەو دۆسیەیەدا "بەهێزە" و متمانەیان بە دادگە هەیە بۆ رەتکردنەوەی سکاڵاکە.
خالید سیدۆ خالیدی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە پێکهاتەی ئێزدی و پشکی نەینەوا، کە یەکێکە لە سکاڵاکارەکان بە تۆڕى میدیایی رووداوی گوت: "ئەو هەنگاوە بۆ پاراستنی پێکهاتەکانی سنووری پارێزگای نەینەوا و رێگرییە لە گۆڕینی دیمۆگرافیای ئەو ناوچانە،لە رێگەی بڕیاری ئەنجوومەنی پارێزگا بێت یان پارێزگار".
دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق 23ی ئابی دیاریکردووە بۆ ئەوەی یەکەم دانیشتن لەبارەی ئەو سکاڵایەوە بکرێت.




