رووداو دیجیتاڵ
دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق دەڵێت، لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا زیاتر لە 760 کەسیان بە تۆمەتی هەراسانی ئەلیکترۆنی دەستگیر کردووە و دوو پلاتفۆرمی تایبەتیشیان بۆ هاوکاریکردنی قوربانییان خستووەتەگەڕ.
ئەرشەد حاکم، گوتەبێژی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، رۆژی پێنجشەممە، 30ـی تەممووزی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دۆسیەی هەراسانکردنی ئەلیکترۆنی یەکێکە لەو دۆسیە دیارانەی دەزگاکەی تێیدا سەرکەوتنی بەدەستهێناوە؛ گوتیشی، "ستراتیژیی ئێمە تەنیا پشت بە چارەسەری ئەمنی نابەستێت، بەڵکو لەسەر دوو هێڵی هاوتەریب کاردەکەین. یەکەمیان، لایەنی ئەمنی و هەواڵگرییە بۆ رووبەڕووبوونەوەی سەرانەسێنەکان. دووەم، پاراستن و هۆشیارکردنەوەیە بۆ رێگری لە هەبوونی قوربانیی نوێ."
سەبارەت بە ئاماری چالاکییەکانیان، ئەرشەد حاکم بە رووداوی راگەیاند، "لە شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵدا، دەزگاکەمان 768 کەسی بە تۆمەتی هەراسانی ئەلیکترۆنی دەستگیرکردووە."
وەک نموونەیەک، گوتەبێژی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق باسی لە هەڵوەشاندنەوەی باندێکی "مەترسیدار" لە پارێزگای دیالە کرد و گوتی، "ئەو باندە ئافرەتیان بۆ فریودانی قوربانییەکان بەکارهێناوە و بە دزییەوە وێنەیان گرتوون، دواتر لەژێر هەڕەشەدا داوای پارەیان لێ کردوون، بەڵام توانرا لە کاتی ئەنجامدانی تاوانەکەدا دەستگیر بکرێن."
ئەرشەد حاکم باسی لەوەش کرد کە بۆ پاراستنی هاووڵاتییان، دوو پلاتفۆرمی بێبەرامبەریان خستووەتەگەڕ: یەکەم، پلاتفۆرمی ئەمین - Aminە کە تایبەتە بە وەرگرتنی سکاڵای هەراسان و دنەدان بە نهێنییەکی تەواو. دووەم، پلاتفۆرمی ئەمان - Aman کە خزمەتگوزاریی هۆشیاریی دیجیتاڵی و پشکنینی لینکە گوماناوییەکان پێشکەش دەکات.
بەگوتەی گوتەبێژی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، کۆبوونەوە و کەمپەینی هۆشیارییان لە زانکۆ و قوتابخانەکان بەردەوامە، چونکە بڕوایان وایە سەرکەوتن لەم بوارەدا تەنیا بە دەستگیرکردن نابێت، بەڵکو بە بنیادنانی هۆشیاریی کۆمەڵایەتی و چەسپاندنی کولتووری هەواڵدانی پێشوەختە بەدی دێت.



