رووداو دیجیتاڵ
کەشناسیی عێراق و شارەزایانی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، هۆشداریی لەبارەی شەپۆلێکی گەرمای بەهێز دەدەن کە چەند رۆژێک بەردەوام دەبێت و کۆمەڵێک رێنمایی بۆ خۆپارێزی دەخەنەڕوو.
عامر جابری، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکان لە دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە 30ی تەممووزی 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەو شەپۆلە گەرمایە، لە رۆژی شەممەوە (1ی ئابی 2026) دەستپێدەکات و پێشبینی دەکرێت چەند رۆژێک بخایەنێت."
عامر جابری گوتی: "شەپۆلە گەرماکە لە ئەنجامی قووڵبوونەوەی کاریگەریی بەرزەپاڵەپەستۆی نیمچە خولگەیی لە چینە بەرزەکانی بەرگەهەوادا دروست دەبێت و نزمەپاڵەپەستۆی وەرزیی گەرم لە نزیک رووی زەوی چالاک دەبێت، ئەمەش دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەیەکی بەرچاوی پلەی گەرما."
بەگوێرەی کەشناسیی عێراق، کاریگەریی شەپۆلەکە هەموو شارەکانی عێراق و هەرێمی کوردستانی دەگرێتەوە و پێشبینی دەکرێت لە هەندێک ناوچەی باشووری عێراق، پلەی گەرما 50 پلەی سیلیزی تێپەڕ بکات.
ئاسۆ کەمال، شارەزای کەشناسی، ئەمڕۆ پێنجشەممە 30ی تەممووزی 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، پلەی گەرما بەگوێرەی هەڵکەوتی شوێنی جوگرافی گۆڕانکاری بەسەردا دێت، لە ناوچەی گەرمیان لە ناوچە کوێستان و شاخاوییەکان جیاوازە، پلەی گەرمای هەرێمی کوردستانیش جیاوازە لە ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق.
ئاسۆ کەمال، ئاماژەی بەوەکرد، دوو رۆژە شەپۆلێکی گەرما رووی لە هەرێمی کوردستان کردووە، پێشبینی دەکرێت پلەی گەرما لە رۆژانی داهاتووش هەر بەرزری بمێنێتەوە، دوێنێ لە ناوچەکانی گەرمیان و خانەقین پلەی گەرما 50 پلەی سیلیزی بوو. گوتیشی، بەشێوەیەکی ئاسایی بەرزترین پلەی گەرما لە مانگی حەوت تۆمار دەکرێت.
ئەو کەشناسە لەگەڵ هاتنی ئەو شەپۆلە گەرمایە چەند رێنوێنییەکی گرنگی بۆ پاراستنی سەلامەتیی هاونشتمانیان خستەڕوو:
یەکەم: خۆتان لە بەرکەوتنی راستەوخۆی تیشکی خۆر بەدوور بگرن، بەتایبەتی لە کاژێر 11:00ـی پێشنیوەڕۆ تاوەکو 04:00ـی ئێوارە. بەرزترین پلەی گەرما لە کاژێر 3 تۆمار دەکرێت.
دووەم: بڕێکی زۆر ئاو و شلەمەنی بخۆنەوە، بۆ ئەوەی جەستەتان لە وشکبوونەوە و ماندوێتی بەهۆی گەرماوە پارێزراو بێت. هەروەها لە کاتی نیوەڕۆدا لە شوێنە کراوەکاندا چالاکیی جەستەیی قورس مەکەن.
سێیەم: بە هیچ جۆرێک منداڵان یان کەسانی بەتەمەن لەنێو ئۆتۆمبێلی داخراودا جێمەهێڵن. هەروەها هیچ جۆرە ماددەیەکی سووتێنەر لەنێو ئۆتۆمبێلدا دامەنێن.
چوارەم: پابەندی هەموو رێنوێنییەکانی سەلامەتی بن بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی ماندوێتیی گەرما و پاراستنی جەستە لە خۆربردن.



