رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بەرگریی سعودیە رایگەیاند، هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەی بە هاوئاهەنگی لەگەڵ فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم)، چەند هێرشێکیان کردووەتە سەر بنکەکانی ئەو گرووپە چەکدارانەی لە ناو خاکی عێراقەوە هێرشیان کردبووە سەر دامەزراوە نەوتییەکانی سعودیە.
رۆژی چوارشەممە، 29ـی تەممووزی 2026، لیوا روکن تورکی مالیکی، گوتەبێژی فەرمیی وەزارەتی بەرگریی سعودیە رایگەیاند: "وەک وەڵامێک بۆ ئەو هێرشانەی لە رۆژانی دووشەممە و سێشەممە کرانە سەر دامەزراوە نەوتییەکان لە ناوچەکانی (شەرقییە و ریاز)، هێزە چەکدارەکانی سعودیە هێرشی جۆری و دیاریکراویان کردە سەر چەند ئامانجێکی میلیشیا تیرۆریستییەکانی سەر بە ئێران لە ناو خاکی عێراق."
گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی سعودیە جەختی کردەوە کە ئەو هێرشانەی پێشتر کرابوونە سەر سعودیە، لە ناو خاکی عێراقەوە کرابوون، بۆیە "سعودیە مافی رەوای خۆیەتی بەرگری لە خاک و سەروەری و بەرژەوەندییەکانی بکات."
لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە کە ئەم هێرشە "تۆڵە سەندنەوەیە" بەپێی ماددەی (51)ـی میساقی نەتەوە یەکگرتووەکان کە مافی بەرگری لەخۆگرتن دەداتە وڵاتان.
مالیکی دەڵێت: "ئەم هێرشانە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا کراون و ئەو شوێنانە کراونەتە ئامانج کە پەیوەندییان بە هێرشە درۆنییەکانی سەر کێڵگە نەوتییەکانەوە هەبووە."
وەزارەتی بەرگریی سعودیە پەیامێکی ئاراستەی لایەنەکان کرد و رایگەیاند: "سعودیە بەدوای پەرەپێدانی گرژییەکاندا ناگەڕێت، بەڵام بە تووندی وەڵامی هەر دەستدرێژییەک دەداتەوە کە بکرێتە سەری."
لە دوو رۆژی رابردوودا، سعوودیە رایگەیاندبوو سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکەی چەندین درۆنی تێکشکاندووە کە ویستوویانە کێڵگە نەوتییەکانی ئەو وڵاتە بکەنە ئامانج.
حەشدی شەعبی لە راگەیێندراوێکدا پشتڕاستیکردەوە کە لەلایەن سعودیە و ئەمریکاوە هێرشکراوەتە سەر بارەگاکانیان.
دەستەی حەشدی شەعبی لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: "بەیانیی ئەمڕۆ چەند بارەگایەکی فەرمیی دەستەی حەشدی شەعبی لە ناوچە جیاجیاکانی عێراق، بەر شاڵاوێکی تیرۆریستیی غەدرئامێز کەوتوون، کە لەلایەن هێزەکانی ئەمریکا و سعودیەوە کراون."
بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکانی نێو راگەیێندراوەکە، هێرشەکان بوونەتە هۆی کوژرانی ژمارەیەک چەکدار و برینداربوونی چەندانی دیکە"، جگە لەوەی زیانێکی مادی زۆر بەر باڵەخانە و موڵک و ماڵەکانی سەر بەو دەستەیە کەوتووە.
هەروەها فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، بە هاوبەشی لەگەڵ هێزە چەکدارەکانی سعودیە، چەندین هێرشی وردیان کردووەتە سەر بنکە و بارەگاکانی ئەو گرووپە چەکدارانەی لەلایەن ئێرانەوە پشتگیری دەکرێن لە عێراق.
سێنتکۆم رایگەیاند: "هێزەکانی ئەمریکا و هێزە چەکدارەکانی سعودیە هێرشی وردیان کردە سەر پێگەی ئەو تیرۆریستانەی سەر بە ئێرانن، کە لەلایەن سوپای پاسدارانەوە ئاراستە دەکران بۆ هێرشکردنە سەر هێزەکانی ئەمریکا و ژێرخانی وزەی سعودیە."
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا و سعودیە چەندین پێگەی لۆجیستی و کۆگای چەکی ئەو گرووپانەیان لە ناوچە جیاجیاکانی "رۆژهەڵاتی عێراق" کردووەتە ئامانج.
سێنتکۆم دەڵێت ئەم هێرشانە "وەڵامێکی تووند بووە بۆ زیاتر لە 30 هێرشی درۆنی کە لە ماوەی 72 کاژێری رابردوودا لەلایەن سوپای پاسدارانەوە ئاراستە کرابوون."
سێنتکۆم ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەو هێرشانەی کرابوونە سەر هێزەکانی ئەمریکا سەرکەوتوو نەبوون، بەڵام جەختی لەوە کردەوە کە مەترسییەکان بەردەوامن.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "لە نێوان مانگەکانی شوبات تاوەکو نیسانی 2026، زیاتر لە 600 هەوڵی هێرشکردنە سەر هاووڵاتییان و دامەزراوەکانی ئەمریکا لەلایەن میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە عێراق تۆمارکراون."
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا هۆشدارییەکی تووند دەداتە ئێران و دەڵێت: "پێویستە سوپای پاسداران و بریکارەکانی (گرووپە چەکدارەکان) کۆتایی بەم هێرشانە بهێنن، بۆ ئەوەی لە وەڵامی سەربازیی زیاتری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەدوور بن."
بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکانی نێو راگەیێندراوەکەی حەشدی شەعبی هێرشەکان بوونەتە هۆی کوژرانی ژمارەیەک چەکدار و برینداربوونی چەندانی دیکە"، جگە لەوەی زیانێکی مادی زۆر بەر باڵەخانە و موڵک و ماڵەکانی سەر بەو دەستەیە کەوتووە.
هەروەها فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی نەینەوا لە بارەی هێرشەکانەوە رایگەیاند، لە ئەنجامی هێرشێک بۆ سەر هێزەکانی حەشدی شەعبی لە سنووری ئەو پارێزگایە، هەشت چەکداری حەشدی شەعبی کوژراون و چواری دیکەش بریندارن...


