رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، بە هاوبەشی لەگەڵ هێزە چەکدارەکانی سعودیە، چەندین هێرشی وردیان کردووەتە سەر بنکە و بارەگاکانی ئەو گرووپە چەکدارانەی لەلایەن ئێرانەوە پشتگیری دەکرێن لە عێراق.
ئەمڕۆ چوارشەممە، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (CENTCOM) لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند: "هێزەکانی ئەمریکا و هێزە چەکدارەکانی سعودیە هێرشی وردیان کردە سەر پێگەی ئەو تیرۆریستانەی سەر بە ئێرانن، کە لەلایەن سوپای پاسدارانەوە ئاراستە دەکران بۆ هێرشکردنە سەر هێزەکانی ئەمریکا و ژێرخانی وزەی سعودیە."
بەگوێرەی بەیاننامەکە، فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا و سعودیە چەندین پێگەی لۆجیستی و کۆگای چەکی ئەو گرووپانەیان لە ناوچە جیاجیاکانی "رۆژهەڵاتی عێراق" کردووەتە ئامانج.
سێنتکۆم دەڵێت ئەم هێرشانە "وەڵامێکی تووند بووە بۆ زیاتر لە 30 هێرشی درۆنی کە لە ماوەی 72 کاژێری رابردوودا لەلایەن سوپای پاسدارانەوە ئاراستە کرابوون."
سێنتکۆم ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەو هێرشانەی کرابوونە سەر هێزەکانی ئەمریکا سەرکەوتوو نەبوون، بەڵام جەختی لەوە کردەوە کە مەترسییەکان بەردەوامن.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "لە نێوان مانگەکانی شوبات تاوەکو نیسانی 2026، زیاتر لە 600 هەوڵی هێرشکردنە سەر هاووڵاتییان و دامەزراوەکانی ئەمریکا لەلایەن میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە عێراق تۆمارکراون."
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا هۆشدارییەکی تووند دەداتە ئێران و دەڵێت: "پێویستە سوپای پاسداران و بریکارەکانی (گرووپە چەکدارەکان) کۆتایی بەم هێرشانە بهێنن، بۆ ئەوەی لە وەڵامی سەربازیی زیاتری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەدوور بن."
هەر لە بارەی ئەو هێرشانەوە دەستەی حەشدی شەعبی رایگەیاند، بەیانیی ئەمڕۆ چەند بارەگایەکی فەرمییان لە چەند ناوچەیەکی جیاوازی عێراق کەوتوونەتە بەر هێرشی "هێزەکانی ئەمریکا و سعودیە" و بەهۆیەوە ژمارەیەک کوژراو و بریندار هەن.
رۆژی چوارشەممە، 29ـی تەممووزی 2026، دەستەی حەشدی شەعبی لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: "بەیانیی ئەمڕۆ چەند بارەگایەکی فەرمیی دەستەی حەشدی شەعبی لە ناوچە جیاجیاکانی عێراق، بەر شاڵاوێکی تیرۆریستیی غەدرئامێز کەوتوون، کە لەلایەن هێزەکانی ئەمریکا و سعودیەوە کراون."
بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکانی نێو راگەیێندراوەکە، هێرشەکان بوونەتە هۆی کوژرانی ژمارەیەک چەکدار و برینداربوونی چەندانی دیکە"، جگە لەوەی زیانێکی مادی زۆر بەر باڵەخانە و موڵک و ماڵەکانی سەر بەو دەستەیە کەوتووە.
حەشدی شەعبی ئەو هێرشانە بە "پەرەسەندنێکی مەترسیدار" و "پێشێلکردنی سەروەریی عێراق" وەسف دەکات و دەڵێت: "ئەمە بەئامانجگرتنی دامەزراوە ئەمنییە فەرمییەکانە."
سەبارەت بە دۆخی ئێستای ناوچە بۆردوومان کراوەکان، لە بەیاننامەکەدا هاتووە: "لایەنە پەیوەندیدارەکان بەدواداچوون بۆ دۆخەکە دەکەن و پڕۆسەی ئامارکردنی زیانە گیانی و مادییەکان بەردەوامە."
حەشدی شەعبی دەڵێت، کە دوای تەواوبوونی زانیارییەکان و هەڵسەنگاندنی زیانەکان، وردەکاریی زیاتر و دوایین پێشهاتەکان بۆ رای گشتی بڵاودەکاتەوە.
فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی نەینەوا لە بارەی هێرشەکانەوە رایگەیاند، لە ئەنجامی هێرشێک بۆ سەر هێزەکانی حەشدی شەعبی لە سنووری ئەو پارێزگایە، هەشت چەکداری حەشدی شەعبی کوژراون و چواری دیکەش بریندارن...



