رووداو دیجیتاڵ
شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق ئاماری نوێی سەردانیکارانی بیانی بۆ یادی چلەی ئیمام حوسێن بڵاوکردەوە و رایدەگەیێنێت، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 1 ملیۆن و 800 هەزار کەس هاتوونەتە نێو عێراق.
رۆژی دووشەممە 27ی تەممووزی 2026، فەریق سەعد مەعن، سەرۆکی شانەی راگەیاندنی ئەمنی لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: "لە سەرەتای مانگی موحەرەمەوە تاوەکو شەوی رابردوو، ژمارەی ئەو سەردانیکارە بیانییانەی بۆ یادی چلەی ئیمام حوسێن هاتوونەتە عێراق، گەیشتووەتە یەک ملیۆن و 814 هەزار و 188 کەس، کە هەڵگری 172 وڵاتینامەی جیاوازی جیهانین.
سەرۆکی شانەی راگەیاندنی ئەمنی ستایشی هەوڵەکانی هێزە ئەمنییەکان، وەزارەتەکان، مەزارگە پیرۆزەکان و خاوەن کەژاوە و خۆبەخشەکانی کرد کە بە شەو و رۆژ خەریکی خزمەتکردنی سەردانیکارانن.
ئیمام حوسێن لە ساڵى 680ى زاینى کە دەکاتە 61ى کۆچى، لەگەڵ بەشێک لە یاوەرانى لە کەربەلا کوژرا و هەر لەوێش بەخاک سپێردرا. ئەو رووداوە بە شەڕى کەربەلا یان "رووداوى تەف" ناسراوە کە ماوەى سێ رۆژى خایاندووە، کاتێک ئیمام حوسێن و یاوەرانى لەگەڵ سوپاى سەر بە یەزیدى کوڕى معاویە جەنگاون کە ئەوکات "خەلیفەى" دەوڵەتى ئومەوى بووە.
چوون بەرێگەدا، سەرەکیترین سرووتەکانى مەراسیمى چلەى ئیمام حوسێنە. لە پارێزگارى بەسرەوە کە زیاتر لە 200 کیلۆمەتر لە کەربەلاوە دوورە، بەر لە 20 رۆژ بەڕێکەوتنى زیارەتکاران بۆ کەربەلا دەستپێدەکات.


