رووداو دیجیتاڵ
فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق داوا لە وەزیری دارایی عێراق دەکات لە پرۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2027دا پارەی پێویست بۆ دامەزراندنی هەمیشەیی فەرمانبەرانی گرێبەستی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان تەرخان بکرێ.
دانەر عەبدولغەفار، گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ شەممە 25ی تەممووزی 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، پێشتر نوێنەرانی فەرمانبەرانی گرێبەستی کۆمیسیۆن سەردانیان فراکسیۆنی پارتیان کرد و داوایان کرد کێشەکانیان بۆ چارەسەر بکرێ و لە پرۆژەیاسای بودجەی 2027 جێگەیان بکرێتەوە و بکرێنە هەمیشەیی، بۆیە سەرۆکی فراکسیۆن نووسراوی بۆ وەزیری دارایی عێراق کرد بۆ چارەسەرکردنی ئەو گرفتە بەوەی لەنێو پرۆژەیاسای بودجەی 2027 جێگەیان بکرێتەوە.
بەگوێرەی نووسراوێکی فەرمی کە واژۆی د. شاخەوان عەبدوڵڵا، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لەسەرە و وێنەیەکی دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە، داوا لە وەزیری دارایی عێراق کراوە رەزامەندی بدات لەسەر دابینکردنی پارەی پێویست بۆ دامەزراندنی فەرمانبەرانی گرێبەست لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان.
لە نووسراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە، ئەم داواکارییە ئەو فەرمانبەرانە دەگرێتەوە کە ماوەی خزمەتی فەرمییان لەنێو کۆمیسیۆندا زیاتر لە 3 ساڵە، ئەوەش وەک هەوڵێک بۆ خزمەتکردنی بەرژەوەندیی گشتی و مسۆگەرکردنی مافی ئەو فەرمانبەرانە.
ئەم داواکارییەی فراکسیۆنی پارتی لە کاتێکدایە، ئامادەکارییەکان بۆ داڕشتنی یاسای بودجەی ساڵی 2027 دەستیان پێکردووە.


