رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ژینگەی عێراق دەڵێ، داتایەکی نیشتمانیی ورد لەسەر ژمارەی ئاژەڵە کێوییەکان لە عێراق لەبەردەستدا نییە. وەزارەتەکە خەریکی ئامادەکردنی پڕۆژەیەکە بۆ سەرژمێریی گشتیی ئەو ئاژەڵانە و ئاماژە بەوەش دەکات، لەگەڵ "لەگەڵ هەرێمی کوردستان کاردەکەین بۆ رێگریکردن لە بازرگانیی نایاسایی بەو ئاژەڵانەوە."
د. نەجلا وائیلی، بریکاری وەزارەتی ژینگەی عێراق بۆ کاروباری تەکنیکی، ئەمڕۆ شەممە 25ی تەممووزی 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەهۆی جیاوازیی میکانیزمی تۆمارکردن لەنێوان لایەنە پەیوەندیدارەکان، ناتوانرێ ژمارەیەکی وردی ئاژەڵە کێوییەکانی نێو باخچەکانی ئاژەڵان بزانرێ، بەڵام بەپێی خەمڵاندنە سەرەتاییەکان، "سەتان ئاژەڵی کێوی لە جۆرەکانی شیردەر، باڵندە و خشۆک لەو باخچانەدان."
جۆر و شوێنی باخچەکان
بریکاری وەزارەتی ژینگەی عێراق ئاماژەی بەوە کرد، ئەو ئاژەڵانەی لە باخچەکانی عێراق و هەرێمی کوردستاندا هەن جۆراوجۆرن، وەک شێر، پڵنگ، ورچ، گورگ، چەقەڵ، رێوی، ئاسک و مەیموون، لەگەڵ چەندین جۆری باڵندەی وەک داڵ، هەڵۆ، کوندەپەپوو، تاوس، وشترمرخ و تووتی و خشۆکەکانی وەک تیمساح و مار.
د. نەجلا وائیلی گوتی: "لە دیارترین باخچەکانی ئاژەڵان بریتین لە باخچەی زەورا لە بەغدا، باخچەی ئاژەڵانی هەولێر، باخچەی ئاژەڵانی سلێمانی و چەند شوێنێکی دیکە لە دهۆک و پارێزگاکانی دیکە. ئێستا کار دەکەین بۆ دروستکردنی بنکەیەکی زانیاریی نیشتمانی بۆ هەموو ئەو شوێنانە."
دۆخی تەندروستی و ژینگەیی باخچەکان
یەکێک لە پرسە سەرەکییەکانی باخچەکانی ئاژەڵان، گونجانی ژینگەی ئاژەڵەکانە. بریکاری وەزارەتی ژینگەی عێراق بۆ رووداو باسی لەوە کرد، دۆخەکە لە باخچەیەکەوە بۆ یەکێکی دیکە دەگۆڕێ و ناکرێت بڕیارێکی گشتییان بەسەردا بدرێ و گوتی: "هەندێک باخچە هەوڵی باش دەدەن، بەڵام هەندێکی دیکە پێویستییان بە پەرەپێدانی ژێرخان و بەرزکردنەوەی ئاستی چاودێرییە بەپێی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان."
د. نەجلا وائیلی ئاماژەی بەوەکرد، تەنیا دابینکردنی خۆراک بەس نییە، بەڵکو دەبێت شوێنی مانەوەی گونجاو، ئاوی پاک، سێبەر و هەواگۆڕکێی باش بۆ ئاژەڵەکان دابین بکرێ، لەگەڵ چاودێریی بەردەوامی ڤێتێرنەری بۆ رێگری لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە هاوبەشەکانی نێوان مرۆڤ و ئاژەڵ.
بازرگانی و هاوردەکردنی ئاژەڵ
د. نەجلا وائیلی باسی لە پرۆسەی هاوردەکردنی ئاژەڵە کێوییەکان کرد و گوتی، ئەم کارە بەگوێرەی رێکاری یاسایی و رێککەوتنی نێودەوڵەتی دەبێت.
بریکاری وەزارەتی ژینگەی عێراق گوتی: "زۆربەی ئەو بازرگانییەی دەکرێ لە جۆرەکانی باڵندەی جوانکاری، ماسیی جوانکاری و هەندێک خشۆک و شیردەری بچووکدایە. هاوردەکردنی ئاژەڵە کێوییە گەورەکان بۆ باخچەکان سنووردارە و لەژێر چاودێرییەکی توونددایە. ئێستا لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵ، گومرگ، دەروازە سنوورییەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستان کار دەکەین بۆ رێگریکردن لە بازرگانیی نایاسایی بە ئاژەڵانەوە."
وەزارەتی ژینگەی عێراق گوتی، هەر ژمارەیەکی فەرمی سەبارەت بە ئاژەڵە کێوییەکان رابگەیێندرێ، دەبێت پشت بە داتای ورد و نوێکراوە ببەستێت کە لە دوای تەواوبوونی پڕۆسەی سەرژمێری و وردبینی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان بڵاودەکرێتەوە.


