رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ شەممە کۆدەبێتەوە و خوێندنەوە بۆ 8 پرۆژەیاسا دەکات، لەوانە خوێندنەوە بۆ ژمێرەی کۆتایی 4 ساڵ.
شێروان دووبەردانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ شەممە، 25ی تەممووزی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دانیشتنەکە کاژێر 13:00ی ئەمڕۆ شەممە دەست پێدەکات و 10 بڕگەی لەخۆگرتووە، لەوانە وردبوونەوە لە تانەی دروستیی ئەندامێتیی ژمارەیەک پەرلەمانتار؛ خوێندنەوەی یەکەم بۆ هەمواری یەکەمی یاسای بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ ژمارە 28ی ساڵی 2012؛ هەمواری دووەمی یاسای سندووقی قەرزی کشتوکاڵی ژمارە 28ی ساڵی 2009؛ یاسای دادنووسی ژمارە 32ی ساڵی 1998 و هەمواری یەکەمی یاسای کار ژمارە 37ی ساڵی 2015 و گفتوگۆی گشتی.
جگە لەمەش پەرلەمان خوێندنەوەی یەکەم بۆ هەر چوار پرۆژەیاسای پەسندکردنی ژمێرەی کۆتایی ساڵانی دارایی 2012، 2013، 2014 و 2015 دەکات.
ژمێرەی کۆتایی دارایی، وردەکاریی شێوازی خەرجکردنی بودجەی ساڵانەیە لەگەڵ ئەو داهاتەی لەو ساڵانەدا بەدەستهاتووە، کە لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە ئامادە دەکرێ.
جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، لەو بارەیەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ژمێرەی کۆتایی ساڵانی 2012 و 2013 و 2014 و 2015 وەک پرۆژەیاسا دەنگیان لەسەر دەدرێ. ئەو ژمێرە کۆتاییانە زۆر لە کاتی خۆیان دواکەوتوون و دەبوو ساڵانە رەوانەی پەرلەمان بکرێن."
بەگوێرەی یاسای کارگێڕیی دارایی عێراق، دەبێت ساڵانە وەزارەتی دارایی ژمێرەی کۆتایی داهات و خەرجکردنی بودجەی ئەو ساڵانە ئامادە بکات و لەلایەن دیوانی چاودێریی داراییەوە وردبینی بۆ بکرێ.
ئەندامەکەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، دەبوو ژمێرەی کۆتایی خەرجکردنی بودجە و راپۆرتی دیوانی چاودێریی دارایی ساڵانە هەبووایە، تاوەکو بزانرێ ئەو پارەی خەرجییە چۆن خەرج کراوە.



