رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەی لیوای 103ی پیادە لە سوپای عێراق خنکا و پۆلیسی دیالە دەڵێ، تاوەکو ئێستا تەرمەکەی نەدۆزراوەتەوە.
عەمید هەیسەم سەلمان، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی فەرماندەیی پۆلیسی دیالە، ئەمڕۆ شەممە 25ی تەممووزی 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئێوارەی رۆژی هەینی عەمید روکن فەیسەڵ جەواد کازمی، فەرماندەی لیوای 103ی سەر بە فرقەی 25ی سوپای عێراق، لە ئاودا خنکا و تاوەکو ئێستا تەرمەکەی نەدۆزراوەتەوە.
بە گوتەی بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی فەرماندەیی پۆلیسی دیالە، ئەو فەرماندەیەی سوپای عێراق لەگەڵ خێزانەکەی باخێکیان لە سنووری ناحیەی شەت جەدیدە لە پارێزگای دیالە بە کرێ گرتووە و لەوێ لەکاتی مەلەکردندا لە ئاودا خنکاوە. تیمەکانی مەلەوانیش تاوەکو ئێستا لە گەڕان بەدوای تەرمەکەیدا بەردەوامن.
هاوکات ئەمڕۆ شەممە، وەزارەتی بەرگریی عێراق لە راگەیێندراوێکدا گیانلەدەستدانی عەمید روکن فەیسەڵ جەواد کازمیی لە ئەنجامی "رووداوێکی نەخوازراوی خنکان"ەوە راگەیاند.



