رووداو دیجیتاڵ
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانى عێراق ، جێگرەوەی سروە عەبدولواحید لە پەرلەمانی عێراق دیاری دەکات بەوەی یەدەگی یەکەمە لە لیستەکەدا، کە بەربژێرێکى پیاو دەگرێتەوە.
بڕیارەکە لە 20ی تەممووز لەلایەن ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانەوە دراوە و یاداشتێکی لیژنەی یاسایی کۆمیسیۆنی رەتکردووەتەوە لە بارەی جێگرەوەی سروە عەبدولواحید لە پەرلەمان، کە لە حکومەتی عێراقدا لە پشکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ پۆستی وەزارەتی ژینگەی وەرگرت.
ئەنجوومەنی کۆمیسیاران ئاماژەی بەوە داوە کە رێژەی کۆتای ژنان لە پەرلەمانی عێراق تەواو بووە و بە نووسراو کۆمیسیۆنیان ئاگادار کردووەتەوە.
لە بڕیارەکەدا هاتووە کە جێگرەوەی سروە عەبدولواحید لە پەرلەمان، وەک بەربژێری جێگرەوە، یەدەگی یەکەم دەبێت کە لە هەمان لیست و لە سنووری بازنەی سلێمانی لە دوای ئەو دێت.
سەرچاوەیەکی بەرپرس لە کۆمیسیۆن بە رووداوی گوت: "بەگوێرەی بڕیارەکەی کۆمیسیۆن، ژنێک جێگەی سروە عەبدولواحید لە پەرلەمان ناگرێتەوە، بەڵکو ئەو کەسەی زۆرترین دەنگی لە لیستەکەیان هێناوە، بەڵام دەرنەچووە بۆ ئەندامێتیی پەرلەمان، دەبێتە جێگرەوە."
بەگوێرەی ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە ساڵی 2025، یان رێبوار ئەوڕەحمان بە 4392 دەنگ، زۆرترین دەنگی لەنێو ئەو کەسانەدا بەدەستهێناوە کە بۆ پەرلەمان سەرنەکەوتوون و دەبێتە جێگرەوەی سروە عەبدولواحید.


