رووداو دیجیتاڵ
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق ئەو هەواڵەی رۆژنامەی "نیویۆرک تایمز" رەتدەکاتەوە، کە باسی لەوە کردبوو، بەغدا پێشنیازێکی واشنتنی بۆ ئاگربەست گەیاندووەتە تاران.
رۆژی هەینی، 24ـی تەممووزی 2026، نووسینگەی راگەیاندنی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە: "ئەو بانگەشانەی لە راپۆرتەکەی نیویۆرک تایمزدا هاتوون دوورن لە راستییەوە و پەیوەندییان بە واقیعەوە نییە."
نووسینگەی سەرۆکوەزیران داوا لە دەزگاکانی راگەیاندن دەکات لە بڵاوکردنەوەی هەواڵەکاندا "ورد بن" و تەنیا پشت بە سەرچاوە فەرمییەکان ببەستن.
نیویۆرک تایمز چی گوتبوو؟
رۆژی پێنجشەممە (23ـی تەممووزی 2026)، رۆژنامەی "نیویۆرک تایمز" لە زاری چەند بەرپرسێکی ئەمریکی و عێراقییەوە بڵاویکردەوە، کە عەلی زەیدی لە دوایین سەردانیدا بۆ تاران، پێشنیازێکی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکای بۆ راگرتنی شەڕ پێبووە، بەڵام بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران پێشنیازەکەیان رەتکردووەتەوە.
هەرچەندە رۆژنامەکە وردەکاریی پێشنیازەکەی ئەمریکا بۆ ئاگربەست بە تەواوی ئاشکرا نەکرابوو، بەڵام گوایە بەرپرسانی ئێران بە رۆژنامەی نیویۆرک تایمزیان گوتووە تاران ئارەزووی رێککەوتنێکی کاتی ناکات کە تێیدا چارەنووسی کۆنتڕۆڵکردنی تەنگەی هورمز بە ناڕوونی و بێ چارەسەر بمێنێتەوە.
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە لێدوانێکدا بۆ تەلەڤزیۆنی فەرمیی وڵاتەکەی رایگەیاند، کە عێراق و ئێران پەیوەندییەکی قووڵی سیاسی، ئابووری و ئەمنییان هەیە و ئەم سەردانە لەم بارودۆخەدا گرنگیی خۆی هەبووە، بەڵام کێشەکە نێوەندگیرەکان نین.
عێراقچی گوتی: "کێشەکە گەیاندنی پەیام نییە، بەڵکو تێڕوانینی ئەمریکایە کە تێڕوانینێکی نالۆژیکی، چاوچنۆکانە و خۆسەپێنەرانەیە."
هاوکات لەگەڵ رەتکردنەوەکەی بەغدا، ئاژانسی "ئیرنا"ی فەرمیی ئێران لە زاری بەرپرسێکی وڵاتەکەیەوە بڵاویکردەوە، هۆکاری هەڵکشانی ململانێکان لە ناوچەکەدا بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە "ئەمریکا پابەندییەکانی لێکتێگەیشتنی 18ی حوزەیرانی پێشێل
کردووە."
ئەو بەرپرسە ئێرانییە جەختی لەوە کردووەتەوە کە تاران دیپلۆماسی وەک بژارەیەکی بنەڕەتی دەبینێت، نەک وەک ئامرازێک بۆ "شەڕی دەروونی".
بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی، عەلی زەیدی دوای کۆتاییهاتنی سەردانە فەرمییەکەی بۆ تاران گەڕایەوە بەغدا.
زەیدی پێش سەردانەکەی بۆ تاران، گەشتێکی پێنج رۆژەی بۆ ئەمریکا کرد، کە تێیدا لەگەڵ بەرپرسانی واشنتن جەختی لەسەر هاوبەشیی ئابووری، راکێشانی وەبەرهێنان و زیادکردنی تواناکانی بەرهەمهێنانی نەوتی عێراق کردبووەوە.
