رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بەرگریی عێراق دەڵێ، هێزەکانیان 8 هاووڵاتیی بیانییان دەستگیر کردووە کە دەیانویست بە شێوەیەکی نایاسایی بچنە نێو کەرکووک.
عەقید حەیدەر محەممەداوی، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی هەواڵگریی سەربازی لە وەزارەتی بەرگریی عێراق، ئەمڕۆ سێشەممە 21ی تەممووزی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە چوارچێوەی پلانە بەردەوامەکان بۆ رێگەگرتن لە دیاردەی هاتنی نایاسایی کرێکارانی بیانی و پاراستنی سنوورەکان، بە پشتبەستن بە زانیاریی وردی هەواڵگریی بەشی هەواڵگری و ئاسایشی فیرقەی 8ی پیادە، 8 کەسی بیانی دەستگیر کران کە دەیانویست بە نایاسایی بچنە نێو سنووری پارێزگای کەرکووک و لەوێوە بچنە شوێنەکانی دیکەی عێراق."
بەڕێوەبەری راگەیاندنی هەواڵگریی سەربازی باسی لەوەش کرد، سەرجەم دەستگیرکراوەکان رادەستی لایەنە پەیوەندیدارەکان کراون بۆ ئەوەی رێکاری پێویستیان بەرامبەر بگیرێتەبەر.
رۆژی 6ی حوزەیرانی 2026 عەمید عامر نووری، گوتەبێژی پۆلیسی پارێزگای کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە سەرەتای ئەم ساڵەوە زیاتر لە 650 هاووڵاتیی بیانی کە زۆربەیان پاکستانی، ئەفغانستانی و بەنگلادیشی بوون، دەستگیرکراون کە بەشێوەیەکی نایاسایی هاتوونەتە کەرکووک."


