رووداو دیجیتاڵ
دەستەی دەستپاکیی عێراق، بەرپرسێکی دیوانی پارێزگای دیالەی دەستگیرکرد، بە تۆمەتی ئەوەی زیانی زیاتر لە ملیارێک دیناری لە سامانی گشتی داوە و پارەی دەستەبەری کۆمپانیایەکی گەڕاندووەتەوە بێ ئەوەی پڕۆژەکە تەواو بێت.
ئەمڕۆ دووشەممە، 20ـی تەممووزی 2026، دەستەی دەستپاکیی عێراق لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، مەفرەزەکانی نووسینگەی لێکۆڵینەوەی دیالە بەرپرسی هۆبەیەکیان لە دیوانی پارێزگا دەستگیرکردووە، کە بە شێوەیەکی نایاسایی پشتگیریی دەسەتبەری بانکیی بۆ پڕۆژەی نۆژەنکردنەوە و قیرکردنی شەقامەکانی باقوبە، رادەستی بەڕێوەبەری کۆمپانیای جێبەجێکار کردووە.
بەپێی دەستەی دەستپاکی، ئەو بەرپرسە پێش ئەوەی پڕۆژەکە کۆتایی بێت و بە فەرمی رادەست بکرێت، کەفالەتەکەی بۆ کۆمپانیاکە گەڕاندووەتەوە، لە کاتێکدا پڕۆژەکە سەرپێچیی زۆری تێدا بووە. تۆمەتبارەکە لە کاتی لێکۆڵینەوەدا گوتوویەتی: "وام زانیوە پڕۆژەکە تەواو بووە و چیدی پێویستمان بەو کەفالەتە نییە."
تیمەکانی دەستەی دەستپاکی عێراق سەردانی شوێنی پڕۆژەکەیان کردووە و تێبینییان کردووە کە یەکێک لە شەقامەکان، تەنیا دوای چەند مانگێکی کەم لە قیڕکردنی، درز و شکاوی و تێکچوونێکی زۆری بووە. تێچووی ئەم پڕۆژەیە ملیارێک و 261 ملیۆن و 600 هەزار دینار بووە و لەلایەن کۆمپانیایەکی ناوخۆییەوە جێبەجێ کراوە.
دەستپاکی ئاماژە بەوە دەکات، بەهۆی ئەوەی ئەو بەرپرسە پارەی دەستەبەری کۆمپانیاکەی گەڕاندووەتەوە، ئێستا هیچ بڕە پارەیەک وەک "سپاردە" لای حکومەت نەماوە بۆ ئەوەی شەقامەکە نۆژەن بکاتەوە، ئەمەش وەک زیانی گەورە لە سامانی دەوڵەت هەژمار دەکرێت.
بۆ ئەم مەبەستە کۆنووسی دەستبەسەرداگرتن رێکخرا و تۆمەتبارەکە رەوانەی لای دادوەری لێکۆڵینەوەی دەستپاکی باقوبە کرا، تاوەکو بەپێی مادەی 341 لە یاسای سزادانی عێراقی رێکاری یاسایی بەرامبەر بگیرێتەبەر. ئەم مادەیە تایبەتە بە سزادانی ئەو کەسانەی کە پارە، ماڵ یان بەڵگەنامەیەکی دەوڵەتییان وەک ئەمانەت لایە، بەڵام بەهۆی کەمتەرخەمی یان خیانەتەوە زیانی پێ دەگەیێنن، کە سزاکەی بەندکردنە.
.jpg&w=3840&q=75)

