رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی گەیاندنی عێراق بڕیاری دا بە سڕینەوەی سەرجەم ئەو قەرزە داراییانەی کە وەک کرێی تەلەفۆنی نۆڕماڵی پێش ساڵی 2003 لای هاووڵاتییان مابوونەوە، هاوکات مەرجی وەرگرتنی (ئەستۆپاکی) بۆ ئەو قەرزانە لە فەرمانگەکاندا هەڵوەشێندرایەوە.
ئەندازیار حوسام محەممەد عەلی، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی گەیاندن و زانیاریی کەرکووک، رۆژی یەکشەممە، 19ـی تەممووزی 2026 بە رووداوی راگەیاند: "لەسەر رێنمایی وەزیری گەیاندن، بڕیاردرا بە سڕینەوە و لێخۆشبوون لە سەرجەم ئەو قەرزانەی تایبەتن بە خزمەتگوزاریی تەلەفۆنی نۆرماڵی کۆن، ئەوانەی پێش ساڵی 2003 بەکاردەهێنران".
بەڕێوەبەری گەیاندنی کەرکووک ئاماژەی بەوەش کرد، وەزیری گەیاندن ئاراستەی سەرجەم فەرمانگە پەیوەندیدارەکانی دەوڵەتی کردووە کە مەرجی وەرگرتنی ئەستۆپاکی تایبەت بەو قەرزانە هەڵبوەشێننەوە، ئەمەش بە مەبەستی کەمکردنەوەی رۆتین و ئاسانکاری لە راییکردنی مامەڵەی هاووڵاتییاندا.
بەپێی وەزارەتی گەیاندنی عێراق، بڕیارەکە دوای سێ هەفتە لە پێدانی شەرعیەت لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقەوە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
پێشتر هەر هاووڵاتییەک بۆ راییکردنی مامەڵەی خانووبەرە، تەندروستی یان کاروباری کۆمەڵایەتی، دەبوو فۆڕمی ئەستۆپاکی وەزارەتی گەیاندنی پڕبکردایەتەوە و قەرزەکانی بدایەتەوە.
ئەحمەد سەمەد، هاونیشتمانییەکی دانیشتووی کەرکووکە و دەربارەی ئەم بڕیارە بە رووداوی گوت: "هێڵی تەلەفۆنی ماڵان لە دوای 2003ـەوە کەس کاری پێ نەدەکرد، بەڵام قەرزێکی زۆری لەسەر بوو. بۆ نموونە ماڵی باوکم نزیکەی 7 ملیۆن دینار قەرزی تەلەفۆنی کۆنیان لەسەر بوو، ئەگەر بمانویستایە هەر مامەڵەیەک بکەین دەبوو ئەو پارەیە بدەین، بۆیە ئەم بڕیارە بارێکی گەورە لەسەر شانمان لادەبات."
سیستمی تەلەفۆنی نۆڕمال لە عێراق مێژوویەکی کۆنی هەیە و لە ساڵی 1920ـەوە بە ناوی "بەڕێوەبەرایەتی پۆستە و تەلەگراف" دەستیپێکردووە، دواتر لە ساڵی 1998ـەوە بووەتە (کۆمپانیای گشتی بۆ گەیاندن و پۆستە) کە ئێستا سەر بە وەزارەتی گەیاندنی عێراقە و تەنیا لایەن بووە کە خزمەتگوزاریی تەلەفۆنی کێبڵی پێشکێش کردووە.



