رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی حکومەتی عێراق دەڵێ، عەلی فالح زەیدى، سەرۆکوەزیران سەردانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و تورکیا دەکات.
دووشەممە 20ی تەممووزی 2026، حەیدەر عەبوودی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق بە رووداوی راگەیاند: "بەم نزیکانە سەرۆکوەزیران سەردانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و تورکیا دەکات. ئەم سەردانانە لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی کارنامەی حکومەتە بۆ بەهێزکردنی پەیوەندیی عێراق لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و هاوبەشە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان".
بەگوێرەی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، بڕیارە کۆتایی ئەم هەفتەیە عەلی فالح زەیدی سەردانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بکات.
گوتەبێژی حکومەتی عێراق رایگەیاند، ئەو دوو سەردانە لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەشە و تێیاندا تاوتوێی چەندین دۆسیەی دووقۆڵی دەکرێ.
حەیدەر عەبوودی ئاماژەی بەوەشکرد، هەر لەو سەردانانەدا باس لە دۆسیە هەرێمییەکان دەکرێ، ئەوەش لەسایەی ئەو پێشهاتانەی ناوچەکەی گرتووەتەوە، لەگەڵ ئەو هەوڵانەی دەدرێن بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان و بەهێزکردنی ئاسایش و سەقامگیری.
یەکەم سەردانی فەرمیی عەلی زەیدى بۆ دەرەوەی وڵات لەدوای دەستبەکاربوونی لە 13ی تەممووز بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا بوو.
حەیدەر عەبوودی رایگەیاند، گرنگیدان هەیە بەو رۆڵەی کە ئەگەر هەیە عێراق بتوانێت بیگێڕێ لەسەر بنەمای پەیوەندیی هاوسەنگ لەگەڵ هەموو لایەنەکان بۆ پاڵپشتیکردنی دیالۆگ و کەمکردنەوەی بارگرژییە هەرێمییەکان.



