رووداو دیجیتاڵ
بڵاوبوونەوەی ژمارەیەکی زۆر جووچکە لەسەر رێگەی سەرەکیی نێوان کەرکووک و بەغدا بووە هۆی داخستنی لایەکی رێگەکە و دروستبوونی قەرەباڵخییەکی زۆر بۆ شۆفێران.
بەگوێرەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەتەوە، رۆژی یەکشەممە، 19-07-2026، سەتان جووچکە لەسەر رێگەی کەرکووک - بەغدا بڵاوبوونەتەوە و بەو هۆیەوە هاتووچۆی ئۆتۆمبێلەکان لە بەشێکی رێگەکەدا پەکی کەوتووە.
سەرچاوەیەک لە بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی دیالە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "رووداوەکە لەسەر رێگەی سەرەکیی بەغدا و لە سنووری پارێزگای دیالە روویداوە، بەدیاریکراوی لە ناحیەی 'جدیدە شەت' لە نزیک چێشتخانەی سامان."
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەش کرد، تیمەکانی هاتووچۆ گەیشتوونەتە شوێنەکە بۆ کۆنترۆڵکردنی قەرەباڵخییەکە و کردنەوەی رێگەکە بەڕووی شۆفێراندا.
سەبارەت بە هۆکاری بڵاوبوونەوەی ئەو هەموو جووچکەیە، سەرچاوەکەی هاتووچۆی دیالە روونیکردەوە کە رووداوەکە بەهۆی وەرگەڕانی بارهەڵگر یان هیچ رووداوێکی هاتووچۆوە نەبووە، بەڵکو "کەسێک بەئەنقەست ئەو کارەی کردووە"؛ گوتیشی: "ئەمە یەکەمجار نییە کاری لەو شێوەیە لەو ناوچەیە دووبارە دەبێتەوە."
