رووداو دیجیتاڵ ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەدین رایدەگەیێنێت: کارەکانی دروستکردنی نەخۆشخانەی گشتیی خورماتوو گەیشتووەتە قۆناخی کۆتایی و 98%ـی تەواو بووە، بەڵام ئاڵۆزییەکانی تەنگەی هورمز بووەتە هۆی دواکەوتنی گەیشتنی ئامێرە پزیشکییەکان. یاسین محەممەد عەلی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەدین، ئەمڕۆ یەکشەممە 19-07-2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "پڕۆژەی نەخۆشخانەی گشتیی خورماتوو کە لە ساڵی 2013ـەوە دەست بە کارەکانی کراوە و بۆ ماوەیەکی زۆر پەکیکەوتبوو، ئێستا تەنیا 2%ـی کارەکانی ماوە کە ئەویش پەیوەستە بە دانانی ئامێرە تەندروستییەکان." سەبارەت بە هۆکاری دواکەوتنی ئەو 2%ـەی پڕۆژەکە، ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگا ئاماژەی بەوە کرد، بەهۆی پەرەسەندنە ئەمنییەکانی ناوچەکە و داخستنی تەنگەی هورمز، گەیشتنی ئامێر و کەلوپەلە پزیشکییەکان بۆ نەخۆشخانەکە دواکەوتووە، بەڵام ئێستا سەرقاڵی دابینکردن و دانانی ئەو کەرەستانەن. نەخۆشخانەکە کە لەلایەن کۆمپانیایەکی تورکییەوە جێبەجێ دەکرێت، لە پێنج نهۆم پێکهاتووە. یاسین محەممەد عەلی دەڵێت: "ئەمە یەکەمجارە نەخۆشخانەیەکی لەو شێوەیە لە ناوچەکە دروست بکرێت؛ سەرەتا بۆ 100 قەرەوێڵە دیزاین کرابوو، بەڵام لە بنەڕەتدا توانای 150 قەرەوێڵەی هەیە." کەرتی تەندروستیی خورماتوو 1400 فەرمانبەر و کارمەند، لەگەڵ 20 پزیشکی هەیە، بەڵام یاسین محەممەد عەلی دەڵێت: پلانیان هەیە پزیشکی زیاتر بۆ نەخۆشخانە نوێیەکە دابین بکەن. پڕۆژەی نەخۆشخانەی گشتیی خورماتوو یەکێک بوو لە پڕۆژە وەستاوەکان کە لە کۆتایی ساڵی 2022ـەوە کارکردن تێیدا دەستیپێکردەوە. بە تەواوبوونی ئەم پڕۆژەیە قەزای خورماتوو یەکێکە لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان و سەر بە پارێزگای سەلاحەدینە.