رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆتایی سەردانەکەیدا بۆ ئەمریکا، سوپاسی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ دەکات و دەڵێت، دەستپێکی قۆناخێکی نوێیە لە پەیوەندییە ستراتیژییەکانی نێوان بەغدا و واشنتن.
عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە هەژماری فەرمیی خۆی لە پلاتفۆرمی (ئێکس) بڵاویکردەوە: "کاتێک کۆتایی بە سەردانەکەمان بۆ واشنتن دەهێنین و بەرەو بەغدای خۆشەویست دەگەڕێینەوە، سوپاسی خۆمان ئاراستەی ئیدارەی سەرۆک ترەمپ و گەلی ئەمریکیی دۆست دەکەین بۆ ئەو پێشوازییە گەرمە و ئەو رێزەی لێمان گیرا."
سەرۆکوەزیرانی عێراق لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوە کرد کە حکومەتەکەی پێداگرە لەسەر جێبەجێکردنی هاوبەشییەکی ئابووریی ستراتیژی لەگەڵ ئەمریکا. گوتیشی: "بەنیازین متمانەی یەکتر و دیدگەی هاوبەش بۆ داهاتوو بەهێزتر بکەین، ئەوەش لەسەر بنەمای ئەو رێککەوتن و یاداشتنامانەی کە واژۆمان کردوون."
بە گوتەی زەیدی، ئەو رێککەوتنانەی لەم سەردانەدا واژۆکراون، دەبنە "بنەمایەک بۆ بونیاتنانی قۆناخێکی نوێ" لە پەیوەندییە دووقۆڵییەکان کە لەسەر بنەمای "بەرژەوەندیی هاوبەش" لە بوارە جیاوازەکاندا دەبێت.
سەرۆکوەزیرانی عێراق جەختی لە گرنگیی هاوئاهەنگیی نێوان هەردوو وڵات دەکاتەوە و رایگەیاند: "عێراق و ئەمریکا بەیەکەوە کاردەکەن بۆ چەسپاندنی سەقامگیری و رێڕەوی گەشەپێدان لە عێراق و تەواوی ناوچەکەدا."
رۆژی 13ـی تەممووز، عەلی فالح زەیدی بە سەرۆکایەتیی شاندێک گەیشتە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ و گەورە بەرپرسانی ئەو وڵاتە کۆبووەوە.
عەلی جاف، بەڕێوەبەری گشتیی پەیوەندییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، بەشدارە لەگەڵ ئەو شاندەی سەرۆکوەزیرانی عێراق کە سەردانی ئەمریکای کردووە.



