رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی کارەبای عێراق و کۆمپانیای (GE)ی ئەمریکی، رێککەوتنێکی ستراتیژییان بۆ جێبەجێکردنی پلانێکی گشتگیر واژۆ کرد، کە ئامانجی زیادکردنی بەرهەمهێنان، پەرەپێدانی تۆڕی گواستنەوە و بەستنەوەی کارەبای عێراقە بە سعودیەوە.
رۆژی هەینی 17-07-2026 لە واشنتنی پایتەختی ئەمریکا و بە ئامادەبوونی عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و عەلی سەعدی وەهیب، وەزیری کارەبای عێراق رێککەوتننامەی جێبەجێکردنی "پلانی گشتگیر بۆ دابینکردنی وزەی عێراق"ی لەگەڵ کۆمپانیای (GE) واژۆ کرد.
وەزیری کارەبای عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، "ئەم رێککەوتنە هەنگاوێکی ستراتیژییە بۆ زیادکردنی توانای بەرهەمهێنان و پەرەپێدانی تۆڕی نیشتمانی. پلانەکە دروستکردنی وێستگەی گازیی نوێ دەگرێتەوە، کە بە نوێترین تەکنەلۆژیای جیهانی کار دەکەن بۆ کەمکردنەوەی ئەو بۆشاییەی لە نێوان بەرهەمهێنان و خواستی هاووڵاتییاندا هەیە."
بەپێی پلانەکە، پڕۆژەیەکی ناوەندیی فراوان لە فاو جێبەجێ دەکرێت، لەگەڵ فراوانکردنی وێستگەکانی (مەنسووریەی یەک و دوو، مەلا عەبدوڵڵا، نەجەف، سەماوە، زیقار، دیوانییە و کەربەلا).
یەکێکی دیکە لە خاڵەکانی رێککەوتنەکە، پەرەپێدانی تۆڕی گواستنەوەی نیشتمانی و جێبەجێکردنی پڕۆژەی بەستنەوەی کارەبای نێوان عێراق و سعودیەیە بە تەکنەلۆژیای (HVDC)، کە سیستمێکی پێشکەوتووی گواستنەوەی وزەیە بە ڤۆڵتیەی بەرز.
هەروەها رێککەوتنەکە بنیاتنانی ناوەندی پێشکەوتووی کۆنترۆڵکردنی دابەشکردن و ئۆتۆماتیککردنی وێستگە لاوەکییەکان دەگرێتەوە. وەزیری کارەبا باسی لەوە کردووە کە ئەم هەنگاوە بەشێکە لە دیدگەی حکومەت بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی کارەبا لەڕێگەی هاوسەنگکردنی بەرهەمهێنان و دابینکردنی سووتەمەنی و دابینکردنی بودجەی پێویست بۆ پڕۆژەکان.

.jpg&w=3840&q=75)

