رووداو دیجیتاڵ
سەرەڕای بوونی سزا، گۆشەگیری و سیستەمی کۆن لە کەرتی دارایی عێراق، RT بانک یازدەمین لقی خۆی لە پارێزگای ئەنبار کردەوە و بەرپرسانی پارێزگاکەش دەڵێن، کردنەوەی ئەو لقە وەبەرهێنان دەبووژێنێتەوە.
یاسر رەشید، جێگری پارێزگاری ئەنبار بە رووداوی راگەیاند: "ئەنبار بەڵێنی پڕۆژەی گەورەی داوە. وەبەرهێنان لە ئاستی باڵا لەسەر ئاستی عێراق و وڵاتانی عەرەبی دەکرێت. بەدڵنیاییەوە ئەو وەبەرهێنانانە پێویستیان بە بانکە و ئەم بانکە لە بانکە پێشەنگەکان دەبێت کە هانی وەبەرهێنان دەدات لە ئەنبار."
عەدنان کوبێسی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای ئەنبار گوتی: "بانکێکی رەسەنە و خزمەتگوزارییەکانیان جۆراوجۆرن، زیاتر لە 25 ساڵە خزمەتگوزاری پێشکەش دەکات و دەیانەوێت لە پارێزگای ئەنبار کار بکەن، ئەمەش هاوکارییەکی زۆری فەرمانگە و حکومەتی خۆجێی دەکات.
خزمەتگوزارییەکانی ناردن و راکێشانی پارە بۆ خاوەن هەژمارەکانی RT بانک تەنیا لە هەرێمی کوردستان و عێراق نییە، بەڵکو جیهانییە و لە سەرتاسەری جیهان دەتوانن سوودی لێوەربگرن.
رەوەند پشتیوان، بەڕێوەبەری بەرهەمەکانی بانکەکە دەڵێت: "بەنرخی بانکی ناوەندی پارە بۆ بازرگانەکان دەگۆڕینەوە و بەپێی رێکارە یاساییەکانی بانکی ناوەندی حەواڵەیان بۆ دەکەین. یەکێکی دیکە لە خزمەتگوزارییەکانمان ئەوەیە کە کارتەکانمان لە هەموو وڵاتانی جیهان کار دەکات."
زیاتر لە 300 هەزار کەس هەژماریان لە RT بانک کردووەتەوە و سوود لە خزمەتگوزارییەکانی وەردەگرن و ژمارەکەش لە هەڵکشاندایە.
کردنەوەی ئەم لقە نوێیەی RT بانک لەکاتێکدایە کە بەشێک لە بانکەکانی عێراق بەهۆی سەرپێچیی جیاجیاوە خراونەتە لیستی رەشەوە، بەڵام بەرپرسانی بانکەکە دەڵێن، فراوانکردنی لقەکانیان نیشانەی ئەوەیە کە کارەکانی خۆیان بە دروستی جێبەجێ دەکەن.



