رووداو دیجیتاڵ زیاتر لە دوو ساڵە وەزارەتی پەروەردەی عێراق زیاتر لە یەک ملیار دیناری بۆ نۆژەنکردنەوەی باڵەخانەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی خوێندنی کوردی تەرخان کردووە، بەڵام بەڕێوەبەری گشتیی خوێندنی کوردی دەڵێت، "پارەکە دیار نەماوە." ئەندامێکی لیژنەی پەروەردەی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، بەدواداچوونی بۆ دەکەن. بەگوێرەی نووسراوێکی فەرمیی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پلاندانانی پەروەردەیی لە وەزارەتی پەروەردەی عێراق، کە کۆتایی مانگی ئاداری 2024 واژۆی دورەید زاری دعاس، بەڕێوەبەری گشتیی بەوەکالەتی لەسەرە و ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری دارایی کراوە، یەک ملیار و 181 ملیۆن و 376 هەزار دینار بۆ نۆژەنکردنەوەی باڵەخانەکە تەرخان کراوە. لە باڵەخانەکەدا بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی خوێندنی کوردی و بەشی تەکنیکیی پەروەردەیی دەوام دەکەن. لە نووسراوەکەدا کە وێنەیەکی دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە، ئاماژە بەوە کراوە ئەم بڕە پارەیە لەسەر بنەمای خەمڵاندنێکی تەکنیکی بووە کە لەلایەن لیژنەیەکی پسپۆڕەوە لە 9ـی تشرینی یەکەمی 2023 ئامادە کراوە. تەرخانکردنی ئەم بودجەیەش دوای ئەوە هات کە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی خوێندنی کوردی و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پڕۆگرامەکان داوای نۆژەنکردنەوەی باڵەخانەکەیان کردبوو. هەر بەپێی بەڵگەنامەکە، رەزامەندیی دارایی لەسەر خەرجکردنی ئەو بڕە پارەیە لە 14-03-2024 دراوە. سەنا گەرمیانی، بەڕێوەبەری گشتیی خوێندنی کوردی لە وەزارەتی پەروەردەی عێراق، ئەمڕۆ دووشەممە، 13-05-2024، بە رووداوی رایگەیاند، "لەگەڵ ئەوەی زیاتر لە یەک ملیار دینار بۆ نۆژەنکردنەوەی باڵەخانەکەمان تەرخانکراوە، بەڵام پارەکە براوە و بە هیچ شێوەیەک دەستکاریی باڵەخانەکە نەکراوە." بە گوتەی سەنا گەرمیانی، "جارێکی دیکە زیاتر لە یەک ملیار دیناری دیکە بە ناوی نۆژەنکردنەوەی باڵەخانەکەمان خەرج کراوە، بەڵام پارەکە دیار نەماوە و دەستکاریی باڵەخانەکە نەکراوە." چیمەن حوسێن سورچی، لە لیژنەی پەروەردە لە پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ پێنجشەممە 16ـی تەممووزی 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بەدواداچوون بۆ بابەتەکە دەکەین، لەگەڵ وەزیری پەروەردەی عێراق قسە دەکەین، لە هۆکاری نۆژەننەکردنەوەی باڵەخانەکەی خوێندنی کوردی و خەرجکردنی ئەو پارەیە دەکۆڵینەوە."
عێراق16-07-2026وەزیری بازرگانیی عێراق بۆ رووداو: لەگەڵ واشنتن رێککەوتین کە تەنیا پشت بە تەنگەی هورمز نەبەستین