رووداو دیجیتاڵ
دادگەی تاوانەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لە بەغدا، سزای دوو ساڵ زیندانیکردنی بۆ محەممەد ناسر کەربوولی، ئەندامی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق دەرکرد.
رۆژی پێنجشەممە، 16ی تەممووزی 2026، دەستەی دەسپاکی عێراق لە راگەیێندراوێکدا بڵاوی کردەوە، دادگەی تاوانەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی سزای "زیندانیکردنی تووند"ی بۆ ماوەی دوو ساڵ بۆ محەممەد کەربوولی دەرکردووە، لەگەڵ پێبژاردنی بڕی 10 ملیۆن دینار؛ ئەوەش دوای ئەوەی سەلمێندراوە کە ناوبراو داوای بەرتیلی کردووە بۆ ئەنجامدانی کارێکی نایاسایی.
بەگوێرەی دەستەی دەسپاکی عێراق، ئەو پەرلەمانتارە داوای 50 هەزار دۆلاری کردووە بۆ ئەوەی دەستوەردان بکات لە داخستنی چەند لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە کە لەسەر سکاڵاکارێک لە بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی بەغدا- کەرخی یەکەم پێکهێنرابوون، تاوەکو ئەو کەسە لە پۆستەکەی وەک بەڕێوەبەری قوتابخانەیەک بمێنێتەوە.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، دادگە دوای وردبینی لە هەموو بەڵگەکان، بڕیاری سزا دانی محەممەد کەربوولی بەپێی یاسای ژمارە 160ی ساڵی 1983 دەرکردووە.
محەممەد کەربوولی، پەرلەمانتاری هاوپەیمانیی عەزمە بە سەرۆکایەتیی موسەننا سامەڕایی.
هەروەها یەکێک بوو لەو پەرلەمانتارانەی لە بەرەبەیانی رۆژی 28ی حوزەیرانی 2026، لە ئۆپەراسیۆنێکی فراوانی هەڵمەتی بەرەبەیان کە پێکهاتبوون لە هێزە هاوبەشەکانی دژەتیرۆر، سوپای عێراق و دەستەی دەسپاکی لەنێو ناوچەی سەوز و چەند ناوچەیەکی دیکەی بەغدا دەستگیرکرا.
ئەو ئۆپەراسیۆنە گەورەیەی هێزە ئەمنییەکان کە چەندین بەرپرسی تێدا دەستگیرکرا، پەیوەست بوو بە دۆسیەی عەدنان جومەیلی، بریکاری پێشووی وەزیری نەوتی عێراق.



.jpg&w=3840&q=75)