رووداو دیجیتاڵ
دادگای لێکۆڵینەوەی کەتنی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، دەستبەسەرداگرتنی 25 ملیار دینار و بڕێکی زۆر زێڕ و دۆلاری لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکان لە دۆسیەی عەدنان جومەیلی، بریکاری وەزارەتی نەوتی عێراق راگەیاند.
بەگوێرەی راگەیێندراوی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە 16-07-2026، دادوەرێکی لێکۆڵینەوە لە دادگای کەتنی ناوەندی بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، نوێترین زانیاری لەبارەی دۆسیەی "عەدنان جومەیلی" بریکاری دەستگیرکراوی وەزارەتی نەوت بۆ کاروباری پاڵاوتن ئاشکرا کرد.
دادوەرەکە راگەیاند: "لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکاندا، دەست بەسەر بڕێکی زۆر پارەدا گیراوە کە بەشێکی لای چەند کەسێک دانرابوو، بەشەکەی دیکەشی لەنێو دیوارەکانی چەند خانوویەکدا شاردرابوونەوە."
کۆی گشتیی ئەو پارە و شتومەکانەی دەستیان بەسەردا گیراوە بریتین لە:
- 25 ملیار دیناری عێراقی.
- 200,000 دۆلاری ئەمریکی.
- 4 کیلۆگرام زێڕی نەخشێنراو.
دادوەری لێکۆڵینەوە ئاماژەی بەوەش کرد، لێکۆڵینەوەکان لە دۆسیەی ئەو تۆمەتبارە بەردەوامن و رێکارەکان بۆ بەدواداچوونی هەموو ئەو پارانەی لە تاوانەکەوە بەدەستهاتوون و دەستنیشانکردنی تێوەگلاوانی دیکە درێژەیان هەیە.
عەدنان جومەیلی، کە رۆژی 30ی ئایاری 2026 لە ناوچەی ئیسحاقی لە پارێزگای سەلاحەدین دەستگیرکرا، یەکێک بوو لە دەستڕۆیشتووترین بەرپرسانی کەرتی نەوت لە سەردەمی کابینەکەی سوودانیدا.
رۆژی دووشەممە، 13ـی تەممووزی 2026، ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق رایگەیاند: دادگەی لێکۆڵینەوەی نەینەوا کە تایبەتە بە دۆسیەکانی گەندەڵی، بڕیاری داوە دەست بەسەر 9 باڵەخانەی بازرگانی و سێ کارگەی بەرهەمهێنانی ئاردا بگرێت لە چوارچێوەی دۆسیەکەی عەدنان جومەیلی و ئەو کەسانەی دیکە کە تێوەگلاوی دۆسیەکەن؛ بەهای باڵەخانەکان بە 45 ملیار دینار و کارگەکانیش بە 24 ملیار دینار خەمڵێندراون، پاسەوان بۆ ئەو موڵکانە دانراون بۆ پاراستنیان تاوەکو لە کارکردن بەردەوام بن و سەرجەم داهاتەکانیان وەربگیرێت.
ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی رایگەیاند کە دەست گیراوە بەسەر حەوت باڵەخانەی نوێدا کە نرخی هەر یەکێکیان 200 هەزار دۆلارە و رێکارەکانیشیان بۆ بەدواداچوونی تۆمەتبارە هەڵاتووەکان بەردەوامە.
راگەیاندنی دەستبەسەرداگرتنی ئەو موڵکانە لە نەینەوا، هاوکاتی رۆژی رادەستکردنی 358 کیلۆگرام زێڕ بووە بە هاوئاهەنگیی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی دۆسیەی عەدنان جومەیلی، کە درانە بانکی ناوەندیی عێراق.
پێشتر لە 6ـی تەممووزی 2026، ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق دوایین ئاماری لەبارەی ئەو پارەیە بڵاوکردەوە کە لە دۆسیەی عەدنان جومەیلی دەستی بەسەردا گیراوە کە گەیشتووەتە 127 ملیار دینار و 24 ملیۆن دۆلار.
.jpg&w=3840&q=75)

